گورزێکی دیکە بەر راشفۆرد کەوت، خۆشەویستەکەی بەجێی هێشت


رووداو دیجیتاڵ

مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، گورزێکی دیکەی بەرکەوت، پاشئەوەی گریس جاکسۆنی کچەهاوڕێی، بڕیاریدا بەجێی بهێڵێت.
 
بڕیاری وازهێنانی گریس لە راشفۆرد، پاش چەند رۆژێکی کەم لە دوورخستنەوەی ئەو یاریزانە لە لیستی یانەکەی و نزیکبوونەوەی لە رۆیشتن لە مانچێستەر یونایتد هات.
 
میدیای ئینگلتەرا، رووداوەکەیان ناوناوە گورزێکی دیکە، بەڵام ئەمجارەیان گورزێکی سۆزداری بۆ راشفۆرد، پاشئەوەی گریس جاکسۆنی نمایشکاری جلوبەرگ، بڕیاریدا بەیەکجاری ئەو یاریزانە بەجێبهێڵێت و پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا کۆتایی پێبهێنێت.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد، راشفۆرد لە تیپەکەی دەڕوات لە ماوەی گواستنەوەی زستانە، دوای دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی مانچێستەر یونایتد.
 
راشفۆرد دانیبەوەدانا کە رۆبین ئامۆریمی راهێنەری نوێی یانەکە لە پێکهاتەی تیپەکەی دوورخستووەتەوە، ئەو گوتی، "بڕیارەکە ئومێدبڕبوو، بەڵام من کەسێکم دەزانم لەگەڵ چوونە تەمەنەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ نوشوستەکانم بکەم.. دەکرێ چیبکەم بەرامبەر ئەوەی روویدا؟ ئایا دانیشم و بگریم؟ یان پێویستە هەموو هەوڵی خۆم بدەم بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەڵسمەوە؟".
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، گریس جاکسۆن، راشفۆردی بەجێهێشتووە و پەیوەندی لەگەڵ کۆتایی پێهێناوە، چونکە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی "راشفۆرد پابەندنییە بەپەیوەندی نێوانیانەوە و هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی ئەوی بەدڵ نییە".
 
راشفۆرد و جاکسۆن لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لە پەیوەندیدابوون، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا، گوتەبێژی نزیک لە راشفۆرد بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو خانمە نمایشکارە رەتکردبووەوە.
 
جاکسۆن لە چەندین بەرنامەی جیاوازی تەلەڤزیۆنیدا بەشدارییکردووە. سەرچاوەیەکی نزیک لەو خانمە نمایشکارە گویویەتی، "گریس پێیوایە هەنگاوی جیابوونەوە هەلێکە بۆ باشترکردنی کاروانی پیشەییانەی خۆی، بەتایبەت لە بواری نمایشی جلوبەرگ و ئەنجامدانی چەندین گرێبەستی رێکلام و ئێستا ئیدی بەدوای پەیوەندییەکی دیکەدا دەگەڕێت".
 
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی دەڵێ، گریس بۆی دەرکەوتووە کە راشفۆرد دڵسۆز نییە بۆ پەیوەندییەکە، هەربۆیە ئەو یاریزانەی لە ئینستاگرام ئەنفۆڵۆ کردووە، پاشئەوەی بۆی دەرکەوتووە کە پەیوەندییەکەیان داهاتووی نییە.
 
راشفۆرد پێشتر پەیوەندییەکی درێژی لەگەڵ لوسیا لوی هاوڕێی منداڵیدا هەبوو، بەڵام لە 2023 لێکدی جیابوونەوە.
 
راشفۆرد لە وەرزی ئەمساڵ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، لە 24 یاریدا تەنیا حەوت گۆڵی تۆمارکردووە.