رووداو هەولێر
پاڵەوانێتیی کوردستان بۆ جوانترین ئەسپی رەسەنی عەرەبی لە یانەی ئەسپسواری نێودەوڵەتی هەولێر دەستیپێکرد و ئەمڕۆ بەردەوامە.
شەشەمجارە یانەی ئەسپسواری نێودەوڵەتی هەولێر پاڵەوانێتی دەستنیشانکردنی جوانترین ئەسپی رەسەنی عەرەبی ساز دەکات، ئەمساڵ نمایشەکان بە بەشداری 70 ئەسپ بەرێوەدەچێت، کە خاوەنەکانیان خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقن.
کێبرکێکە دوو رۆژ دەخایەنێت و هەموو مەرجە نێودەوڵەتییەکانی فیدراسیۆنی ئەسپسواری جیهانی تێدا جێبەجێدەکرێن، پێنج ناوبژیوان کە خەڵکی وڵاتانی هۆڵەندا، پۆڵەندا و میسرن، چاودێری ئەسپەکان دەکەن و ئەوان بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی جوانترین ئەسپی رەسەنی عەرەبی دەدەن.
ئەسپەکان بەپێی تەمەن و جۆرییان بەسەر دوازدە کۆمەڵەدا دابەشکراون، لە رۆژی یەکەمدا پاڵاوتن بۆ شەش کۆمەڵە کرا، نەوزاد قادر ئەو خاوەن ئەسپە کوردە بوو کە توانی کۆنتڕۆڵی گۆڕەپانی نمایشەکان بکات، پێنج نازناوی یەکەمی جوانترین ئەسپی رەسەنی عەرەبی بردەوە.
نەوزاد قادر، خاوەن ئەسپی رەسەنی عەرەبی، کە یازدە ساڵە خولیای سەرەکی بووەتە بەخێوکردنی ئەسپ، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "بەخێوکردنی ئەسپ خولیایەکی زۆر خۆشە و من بەشێوەیەکی زۆر جوان ئەسپەکانم بەخێو دەکەم، وێنە و خواردنی باشیان پێدەدەم و دەمەوێت بە کوالێتییەکی بەرز ئەسپەکانم دەربکەون".
یانەی ئەسپسواری نێودەوڵەتی هەولێر، تاکە یانەی ئەسپسواری باوەڕپێکراوە لەسەر ئاستی عێراق کە فیدراسیۆنی جیهانی ئەسپسواری چاودێری کارەکانی دەکات، بەهۆی بوونی ژێرخانێکی باش و بەخێوکردنی ئەسپەکان بەشێوەیەکی تەندروست.
سامان نانەکەلی، بەرپرسی پەیوەندییەکان لە یانەی ئەسپسواری نێودەوڵەتی هەولێر، بۆ رووداوی روونکردەوە "ئەو بەشدارییە بەهێز و باشەی خاوەن ئەسپەکانی عێراق و کوردستان ئەو راستیە دەردەخات کە یانەکەمان هیچی کەمتر نییە لە یانەکانی کەنداو، لەم نمایشانەدا هەموو مەرجە نێودەوڵەتیەکان پەیڕەو دەکەین".
چاودێرانی پاڵەوانێتیی جوانترین ئەسپی رەسەنی عەرەبی بۆ دەستنیشانکردنی ئەسپی جوان 100 خاڵیان داناوە کە بەپێی جوانی سەر و مل و کلک و پەلەکان لەگەڵ جوڵانەوەی ئەسپەکە داناوە، هەر ئەسپێک زۆرترین خاڵی چاودێران وەربگرێت دەبێتە خاوەن نازناوی جوانترین ئەسپی عەرەبی لە هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ