دوو سەرۆکە زلهێزەکەی ئیسپانیا هەنگاوە گەورەکەیان لە سعودیەوە دەستپێدەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییەکانی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە ماوەی رابردوودا زۆر خراپبوون، بەڵام بەهۆی سوپەرلیگەوە دەکرێت پەیوەندییەکانیان بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز و خوان لاپۆرتا، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پرسی نێگرێراوە پەیوەندییەکی خراپیان بەیەکەوە هەبوو، بەو هۆیەوەشەوە پێش دوایین کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانە هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکی هەردوو یانەدا نەکرا، بەڵام ئەگەری دوای بڕیارەکەی دادگا لەبارەی سوپەرلیگەوە هەردوو سەرۆک جارێکی دیکە بەیەکەوە کۆببنەوە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر دادگای دادی ئەوروپا بڕیارییدا کە سوپەرلیگ یاساییە و یۆفا و فیفا نەدەبووایە رێگری لە ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانێتییە بکەن.
 
دوای تەنیا یەک کاژێر لە بڕیاری دادگا، لاپۆرتا و پێر بەجیا پەیامیان بڵاوکردەوە و دووپاتیانکردەوە کە بەردەوامدەبن لەسەر ئەنجامدان و بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکەیان.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "بەهۆی سەرکەوتنی سوپەرلیگەوە، جارێکی دیکە پەیوەندییەکان ئاسایی دەبنەوە، چاوەڕواندەکرێت لە سعودیە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا، دوای چەندین مانگ دوورکەوتنەوە لە یەکدی، خوان لاپۆرتا و فلۆرێنتینۆ پێرێز کۆببنەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پلانی داهاتوویان و دوای بڕیارەکەی دادگا بکەن، بۆ پەیوەندیکردن بە یانە گەورەکانەوە بە ئامانجی رازیکردنیان بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی سوپەرلیگدا."
 
سەرۆکی هەردوو یانە گەورەکەی ئیسپانیا، لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدان، دوای ئەوەی هەر 6 یانە گەورەکەی ئەوروپا، یانەکانی لالیگا، بایرن میونشن، ئینتەر، بۆرووسیا دۆرتموند، پاریس سانجێرمان و چەندین یانەی دیکە لەسەر ئاستی ئەوروپا بەشداریکردنیان لەو پڕۆژەیەدا رەتکردەوە.
 
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی دادی ئەوروپا، پێرێز کە خاوەنی پڕۆژەی سوپەرلیگە لە پەیامێکدا گوتی " ریال مەدرید بەرازیبوونێکی زۆرەوە ئەو بڕیارەی وەرگرت کە لەلایەن دادگای دادی ئەوروپاوە دەرچوو، ئە دەستەیەی راسپێردراوە بۆ راگرتنی بنەما و بەها و ئازادییەکان، لە رۆژانی داهاتوودا بە وردی لە بازنەی ئەم بڕیارە دەکۆڵینەوە، بەڵام دەتوانم بیر لە دوو ئەرنجام بکەمەوە کە گرنگییەکی مێژووییان هەیە."
 
یەکەم؛ تۆپی پێی ئەوروپا چیدیکە تەنیا لە یانە ئەوروپییەکان سنوردار نابێت.
 
دووەم؛ لە ئەمڕۆوە چارەنووسی یانەکان لە دەست خۆیان دەبێت، مافی یانەکان بۆ پێشخستن و بەرەوپێشبردنی وەرزشەکەمان بۆ ئەوەی هاندەران لە هەموو جیهان رابکێشێت بەتەواوی دانپێدانراوە، لە کۆتاییدا ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی دیکە بوو بۆ ئەوروپایەکی ئازاد، بۆ تۆپی پێ و هاندەرانی.