ڤیدیۆ؛ سوارێز هۆکاری پەیوەندیکردنی بە ئینتەرمەیامی ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لویس سوارێز، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی و پێشووی یانەی گرێمیۆی بەرازیلی هۆکاری پەیوەندیکردنی بە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکییەوە ئاشکرا دەکات.
 
ئینتەرمەیامی شەوی شەممە بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی لویس سوارێزی بۆ یانەکەی راگەیاند و بە پۆستەرێک، لەسەر وێنەی چەند منداڵێک نووسی "هیچ شتێک لەوە جوانتر نییە لەگەڵ هاوڕێکانت یاریی بکەیت."
 
گرێبەستی لویس سوارێز لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە بۆ یەک ساڵ دەبێت، لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکە و یاریزانەکە لەو یانەیەدا درێسی ژمارە 9 دەپۆشێت.
 
ئێل پێستۆلێرۆ، لەبارەی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی ئینتەرمەیامی لە یەکەم دەرکەوتنیدا گوتی "هەست بەباشی دەکەم، دڵخۆشم و بەڕاستی چاوەڕێی ئەم ئاڵنگارییە دەکەم، هیوادارم بتوانم یارمەتی یانەکە بدەم بۆ بردنەوە نازناوی زیاتر دوای ئەوەی ساڵی رابردوو یەکەم نازناویان بەدەستهێنا، من لێرەم بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەم بۆ گەیشتن بە خەونی بردنەوەی نازناوی زیاتر، بەدەستهێنانی شتە گەورەکان، ئینتەرمەیامی دەیەوێت خولی ئەمریکا بباتەوە، ئەمە خەونی هەمووانە."
 
سوارێز باسی بوونی مێسی و هاوڕێکانی دیکەی لە ئینتەرمەیامی دەکات و ئەوە بە هۆکاری پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە دادەنێت و دەڵێت "هۆکارێکی دیکەی بڕیاردان بۆ پەیوەندیکردن بە ئینتەرمەیامی ئەوەیە کە لێرە هاوڕێ و یاریزانی گەورەم هەیە، ئەو تەنیا هاوڕێ نین، ئەوان ئەو یاریزانانەن کە لە هەموو ئاستێکدا خۆیان دەسەلمێنن و لەسەر ئاستی جیهان زۆر ناسراون، هەروەها باشترین یاریزانی جیهان لێرەیە، ئەمەش چاوەڕوانییەکی زۆر دروست دەکات، دوای ئەوە چەندین ساڵ بەیەکەوە بووین، نازناوی زۆرمان بەدەستهێنا و ئەمەش وامانلێدەکات زۆربەباشی یەکدی بناسین و پێویستیمان بەکاتێکی زۆر نییە بۆ ئەوەی لە یەکدی تێبگەین، لەکاتێکدا ئێمە هەمان بیرکردنەوە و عەقلیەتمان هەیە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا لویس سوارێز، یاریزانی نوێی ئینتەرمەیامی گوتی "من دەمەوێت یارمەتیدەری تیپەکە بم و هەمان ویستی هەموو هاندەرانم هەیە بۆ بردنەوەی نازناوی دیکە لەگەڵ ئینتەرمەیامی."
 
لویس سوارێز تەمەنی 36 ساڵە، لە ئینتەرمەیامی بۆ جاری دووەم هاوشانی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، سێرخیۆ بۆسکێس و خۆردی ئەلبا یاریی دەکاتەوە، کە پێشتر لە بارسێلۆنا لە 2014 تاوەکو 2020 بەدرێسی یانەکەوە لەگەڵ ئەو یاریزانانە یارییکردووە.