ڤیدیۆ؛ نەسڕ و رۆناڵدۆ بەردەوامن لە سەرکەوتنەکانیان

رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی بەهێزی خولی رۆشنی سعودیدا، کە لەسەر یاریگەی ئەول پارک لە گەڕی 18ـی خولی رۆشنی سعودی بەڕێوەچوو، یانەی نەسڕ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی ئیتیفاقی میوانی خۆی بردەوە.
 
لە گێمی یەکەمدا نەسڕ بە گۆڵێکی ئەلێکس تێلێس لە خولەکی 43 پێشکەوت، کە لە دوورەوە بە شووتێکی بەهێز گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد.
 
لە گێمی دووەمدا مارسێلۆ برۆزۆڤیچ لە خولەکی 59 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد. دواتر لە خولەکی 73 کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی بە لێدانی سزا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد. 
 
ئەمە گۆڵی 17ـی رۆناڵدۆ بوو لەم وەرزەی خولەکەدا، کە لە پێشەنگی ریزبەندیی گۆڵکارانی خولەکەدایە.
 
تاکە گۆڵی ئیتیفاق لە خولەکی 85، لە رێگەی محەممەد مەرزوقەوە بوو.
 
بەم سەرکەوتنە یانەی نەسڕ گەیشتە 40 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیدا، کە 10 خاڵ لەدوای هیلالی پێشەنگەوەیە.
 
لە کاتێکدا یانەی ئیتیفاق بە سەرکردایەتی ستیڤن جێراردی راهێنەر تەنیا 24 خاڵی هەیە و پلەی هەشتەمی گرتووە.