عەدنان درجال بۆ رووداو: گەیشتنە مۆندیال خەونی هەموومانە و بۆ مان و نەمان یاریدەکەین

رووداو دیجیتاڵ

 

عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، سەردانی شاری هەولێری کرد و لە پانێلی لاوی سەرکردە ئامادەبوو، ئەو لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "فێرگەی تۆپی پێ لە هەموو شارەکانی عێراق دەکەینەوە".
 
وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق کە ئێستا سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی عێراقیشی هەیە، دوای ئەوەی باسی یادەوەرییەکانی بۆ ئامادەبووان کرد، واژۆی لەسەر چەند تۆپێک کرد و هەر لە نێو هۆڵەکەدا شەقی لە تۆپەکان هەڵدا و  پێشکەشی هاندەرانی کرد.
 
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە وەڵامی محەممەد کارێزی پەیامنێری وەرزشی رووداو سەبارەت بەئامادەی شاری بەسرە بۆ یارییەکانی جامی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یارییەکانی کەنداو بەبێ کێشە میوانداری دەکەن.
 
عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو گوتی "سەبارەت بە جامی کەنداو پێموایە بارودۆخەکە ئاساییە و ئێمە بەهێزەوە کار دەکەین لە رووی ئامادەکردنی یاریگەکان و یاریگەی میناش ئامادە دەبێت تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو پشت بەخوا". 
 
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو گوتی "یەکەم شت راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بڕیارمان دا بەردەوام بێت لە کارەکەی بەهیواین سەرکەوتوو بێت کە خەونی هەموومانە بگاتە کۆتاییەکانی مۆندیال، هەرچەندە ئەرکی زۆر قورسە، بەڵام هیچ کارێک ئەستەم نییە و دەبێت چوار یاری داهاتوو شەڕی مان و نەمان بۆ کۆکردنەوەی خاڵەکان بکەین".
 
ئەو زیاتر گوتی "بەرنامەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، پلانێکی فراوانە بۆ چاککردنی یەکێتیەکەمان، هەروەها بەدیهێنانی خەونی گەورەی تۆپی پێی عێراقە بە بایەخدان بە یاریزانی ئاستی تەمەنی 10 تاوەکو 17 ساڵ، پێمواتە دەستمان بە پرۆژەکە کردووە، بەڵام بەشێوەیەکی فراوان نییە جارێ، پەنا بەخوا سەرەتای ساڵی داهاتوو لە بەشێکی شارەکان فێرگەکان دەکەینەوە و دواتر لە هەموو شارەکان فێرگە دەکەینەوە".