سهفین تهها
مەسەلەی قوماركردن ئێستا لە جیهاندا بووەتە نەریت و زۆر كەس بەم دەردەوە ئاڵوودەبوون و ئەو كارە دەكەن، بەتایبەت لەسەر ئەنجامی یارییەكان، بۆ كلاسیكۆش ژمارەكان خەیاڵ تێدەپەڕێنن.
ئەوەی خەڵكی ئاسایی دەكات لەم دیو پەردەوە دیارە، بەڵام ئەوەی كە جێگای بایەخپێدانە و دەبێت لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت بوونی پەیوەندییەكی نهێنییە لەو دیو پەردەوە لەنێوان ناوەندەكانی قوماركردن و یەكێتیی تۆپی پێی خولەكان، یانیش یانە و یاریزانەكان.
گرەوكردن لەسەر یارییە وەرزشییەكان زۆر و هەمەچەشنن، هەر لە كۆنەوە گرەو لەسەر پێشبڕكێی ئەسپ و یاریی هونەرە جەنگییەكان و چەندین شتی دیكە كراون، ئەگەر باسی مێژوو بكەین دەبێت چەند هەزار ساڵێك بگەڕێینەوە، بەڵام قوماركردنی مۆدێرن و سەردەمییانە ئەوەی كە ئێستا لە كوردستان بڵاوبووەتەوە كە لە رێگای ئۆنڵاینەوە دەكرێت لە ساڵی 2006ەوە دروستكراوە و ئەمریكاش باوكی ئەم داهێنانەیە كە ماڵی زۆر كەسی كاولكردووە و هەندێكیشی لە پڕێك كردووە بە كوڕێك.
هەرگیز پرسیاری ئەوەتان لە خۆتان كردووە كە قوماركردن لەسەر ئاستی ئەوروپا كاریگەری بەسەر ئەنجامی یارییەكان و خولەكانەوە هەبێت!؟ بێگومان 100% ئەو بۆچوونە دروستە، چونكە ئێستا تۆپی پێ و گرەوكردن ئاوێتەی یەكدیبوون، بەجۆرێك چەندین گەندەڵی و سكانداڵ ئاشكرابوون كە هۆكاری سەرەكییشیان قوماركردنە لەسەر ئەنجامی یارییەكان لە نموونەی كاڵچیۆ سكۆمازی كە لە خولی پلە سێی و پلە دووی ئیتاڵیا روویدا.
ئەی ئەگەر یارییەكی وەك كلایسكۆ كە لە جیهاندا بە ملیۆن كەس سەیری دەكات و بە ملیارات دۆلار لە رێگای قومارەوە بەهەدەردەرێت، پرسیارەكەش ئەوەیە كە گرەوكردن چۆن كاریگەری دەبێت بۆ سەر ئەنجامی یارییەكان؟ بۆ نموونە بارسا ئەم كلاسیكۆیە بباتەوە و جیاوازی خاڵەكان بەشێوەیەكی كاتی دەبێت بە 14 خاڵ و ریال مەدرید تا رادەیەك بێهیوادەبێت، خولەكەش بە قاچەكانی خۆی بۆ ماڵی بارسا دەچێت، بەڵام ئەگەر وا نەبوو چی؟ ئەگەر ریال بردییەوە، رێژەی قوماركردن زیاتر دەبێت بەتایبەت لەسەر ئەنجامەكانی ریال مەدرید و بردنەوەی نازناوەكە كێبڕكێی زیاتری قومارچییەكان بەخۆیەوە دەبینێت.
مەرج نییە تەنیا ئەنجامی یارییەكان قوماری لەسەر بكرێت، بۆ نموونە لە ماوەی 7 ساڵی رابردوو بارسا لە هەموو كلاسیكۆكاندا گۆڵی كردووە، دەتواندرێت پارەیەكی زۆر بەدەستبهێندرێت ئەگەر تەنیا بڵێیت بارسا گۆڵ دەكات، بەڵام ئەی ئەگەر گۆڵی نەكرد؟! ئەو كات ئەو كەسە قوڕ بەسەر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ