ئۆلی هۆنیس: بایرنی توخێل وەک شەو و بایرنی کۆمپەنی وەک رۆژ وایە

23-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بایرن میونشن بۆندێسلیگا ئۆلی هۆنیس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆلی هۆنیس، سەرۆکی شانازیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دەڵێ هەموو شت تەواوبووە و یانەکەمان نازناوی ئەمساڵی بۆندێسلیگای بەدەستهێناوە.
 
هۆنیس قسەی بۆ میدیای ئەڵمانیا کردووە، جیاوازیی نێوان دۆخی ئێستا و دۆخی پێشووی تیپەکەی، بەجیاوازیی نێوان شەو و رۆژ بەراورد کردووە.
 
سەرۆکی شانازیی میونشن دەڵێ، ئەوەی دەتوام بەدڵنیاییەوە بەڵێنی لەبارەوە بدەم، بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی بۆندێسلیگایە.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئێمە لە دۆخێکی زۆر نایابداین. لە پێشەنگی خولەکەین، رکابەرە راستەقینەکانمان تەنیا لیڤەرکوزن و لایپزیگن و ئەوانیش زۆر لە دواوەن".
 
لایپزیگ پلەی دووەمی ریزبەندی بۆندێسلیگای گرتووە بەجیاوازیی پێنج خاڵ لە بایرن میونشن. لە کاتێکدا بایرلیڤەرکوزنی پاڵەوانی وەرزی رابردوو، لە پلەی چوارەمە و نۆ خاڵ لە میونشنەوە دوورە.
 
هۆنیس دووپاتیکردووەتەوە کە متمانەی زۆری بەتیپەکە و ڤینسینت کۆمپەنی راهێنەری هەیە.
 
هۆنیس هەروەها لەبارەی جیاوازیی دۆخی ئەمساڵ و وەرزی رابردووی بایرن میونشن دەڵێ، "دۆخەکە وەک جیاوازیی نێوان شەو و رۆژ وایە. کۆمپەنی پەیوەندی باشی لەگەڵ یاریزانەکان هەیە و ئاگای لێیانە. بەڵام ئێمە لە وەرزی پێشوودا نەماندەزانی چی روودەدات".
 
هۆنیس هەروەها دەڵێ، "ئێمە پەیوەندیمان بە پێپ گواردیۆلاوە کرد لە وەرزی رابردوودا و داوای هاوکاریمان لێکرد، ئەو گوتی، دەتوانن بەچاوی داخراوەوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپەنی بکەن".
 
پێشتر پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئێستای مانچێستەر سیتی، راهێنەری بایرن میونشن بوو.
 
هۆنیس دووپاتیکردووەتەوە لە بایرن میونشن دەستلەکاروباری هیچ بەرپرسێکی یانەکە وەرنادات و ئەوە بەهەڵە دەزانێت، ئەگەر رووبدات.
 
بایرن میونشن لەگەڵ کۆمپەنی لە وەرزێکی نموونەییدایە. تیپەکە لەگەڵ ئەو راهێنەرە کۆنترۆڵی خولی ئەڵمانیای کردووەتەوە و لە دوایین یاریی خۆیدا لە بۆندێسلیگا، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ئۆگسبۆرگی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە