واندا نارا داوای 40 ملیۆن دۆلار لە ئیکاردی دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن واندا مارا ماورۆ ئیکاردی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، واندا نارا، هاوژینی پێشووی ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەری ئەرجەنتینی، داوای 40 ملیۆن دۆلاری لەو یاریزانە کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بەپەیوەندی نێوانیان.
 
چیرۆکی واندا و ئیکاردی، چیرۆکێکی درێژ و سەرنجڕاکێش بوو. وانادا ئەوکاتەی هاوژینی ماکسی لوپێزی یاریزانی ئەرجەنتینی بوو، پەیوەندی لەگەڵ ئیکاردیدا دانابوو. کارەکە بەوە گەیشت کە واندا لە لوپێز جیابووەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئیکاردیدا کرد.
 
پەیوەندی ئیکاردی و نارا، پەیوەندییەکی پڕ لە هەڵچوون و داچوونی جیاواز بوو. چەند جارێک کێشەی گەورە لە نێوانیاندا سەریهەڵدا، لە کاتێکدا واندا، بەڕێوەبەری کارەکانی هاوژینەکەی بوو.
 
واندا لە لوپێز سێ منداڵ و لە ئیکاردیش دوو منداڵی هەیە. ئەو دووانەیە بەفەرمی لێکجیابوونەتەوە و ئیکاردی ئێستا لە قۆناخی چاکبوونەوە لە پێکانی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیەتی.
 
کێشەی گەورەی نێوان ئەو دووانەیە گەیشتە دادگا. ئیکاردی، واندای تۆمەتبارکرد بەوەی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی داناوە، هەر بۆیە داوای جیابوونەوەی لێکردووە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، واندا لە ماوەی رابردوودا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ راپەرێکی ئەرجەنتینیدا داناوە.
 
واندا نارا، لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە، مەرجی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێیەکەی لەگەڵ ئیکاردی، پێدانی بڕی 40 ملیۆن دۆلارە، لەگەڵ دابینکردنی ژیانی خۆی و منداڵەکانی.
 
ئیکاردی، هێرشبەری پێشووی ئینتەرمیلان، کە 111 گۆڵی لە 188 یاریدا بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە، سامانەکەی بەنزیکەی 82 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
ئەو پارەیەی واندا داوای دەکات، پەیوەندی بە ژیانی هاوژینی و هەروەها بەڕێوەبردنی کارەکانی ئیکاردییەوە هەیە لە ساڵانی رابردوودا.
 
وانادا نارای 37 ساڵان، ئەکتەر و نمایشکاری جلوبەرگە و پێشتر چەندینجار، ئیکاردی بەخیانەتکردن تۆمەتبارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە