مێسی جارێکی دیکە خوان لاپۆرتا شۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، جارێکی دیکە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و هاندەرانی ئەو یانەیە تووشی شۆک دەکات و بەشداری لە یادی 125 ساڵەی دامەزراندنی بارسێلۆنادا ناکات.
یانەی بارسێلۆنا بەبۆنەی 125 ساڵەی دامەزراندنییەوە ئاهەنگێک سازدەکات بەئامادەبوونی زۆر لە کەسایەتییە بەنێوبانگەکانی مێژووی یانەکە، لەنێویاندا ئەستێرەکانی ئێستا و پێشووی سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی یانەکە.
بەڵام لیۆنێل مێسی، باشترین یاریزانی مێژووی یانەکە، بڕیاریداوە بەشداری لەو بۆنەیەدا نەکات، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە لیۆ بانگهێشتی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەی قبوڵ کردووە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەدا.
سەرچاوەکانی نزیک لە یاریزانەکەی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، ئاشکرایانکردووە کە مێسی ناتوانێت بەشداری لە چالاکییەکەدا بکات، لەبەرئەوەی کۆمەڵێک پابەندبوونی دیکەی هەیە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی، هەرچەندە پێشتر بەشداریکردنی لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە خولی ئەمریکی بۆ ئەم وەرزە تەواوکردووە، بەڵام پەیوەندی بە هەندێک بەڵێننامەی پێشووەوە هەیە کە چەند مانگێک لەمەوبەر رێککەوتن لەسەر بەروارەکانیان کراوە، و لەگەڵ بەرواری ئاهەنگەکەدا هاوکاتە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کە هەموو ئەو یاریزانانەی، بارسێلۆنا دەیەوێت بەشداری بکەن لە رێگەی نامەی کورتەوە بانگهێشت کراون، مێسیش 15 رۆژ لەمەوبەر بەو بانگهێشتنامەیەی زانیوە، بۆیە ناتوانێت بەشداری بکات.
ئامادەنەبوونی مێسی لە یارییەکەی هەینی داهاتوودا بەو مانایە نییە کە بەشداری لە یادی 125 ساڵەی دامەزراندنی یانەی بارسێلۆنا ناکات، بەڵکو چاوپێکەوتنی لەگەڵ رێکخەری چالاکییەکە، دەیڤید کارابین ئەنجامداوە و ژمارەیەک ڤیدیۆی تۆمارکردووە، لەنێویاندا کاردانەوەی یانەکە بەرامبەر بە سروودی فەرمی بۆ یادی 125 ساڵەی یادەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک رۆژنامەڤان هۆکاری بەشدارینەکردنی لیۆ مێسی بۆ ناکۆکییەکانی لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەگێڕنەوە.
لویس رۆخۆ، دەڵێت "ئامادەنەبوونی مێسی لە ئاهەنگەکەی بارسێلۆنا هیچ پەیوەندی بە پابەندییەکانییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ خوان لاپۆرتاوە هەیە، کە لیۆ پێیوایە ئەو هۆکاری رۆیشتنی بووە لە بارسێلۆنا".