راهێنەری بێشکتاش بە 23 فیشەک کوژرا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی تورکیا یانەی بێشکتاش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیا تورکیا، هەواڵی کوژرانی ئارسین ئاکای راهێنەری پێشووی یانەی بێشکتاشی تورکییان لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
 
ئاکای تەمەن 46 ساڵ، لە هێرشێکی چەکداریدا لە ناوچەی چۆرلوی تەکیرداگ کوژراوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرایانکردووە، رووداوەکە نزیکەی کاژێری سێی پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی روویداوە. ئاکا کە راهێنەری یانەی چۆرلسپۆر 1947 بووە، کە لە خولەکی پلە سێی تورکیا یارییدەکات، لەلایەن کەسێکی رووخسارداپۆشراوی نەناسراوەوە هێرشی کراوەتە سەر، لە کاتێکدا ئەو بەڕێگاوە بووە بەرەو ماڵەکەی.
 
کەسە نەناسراوەکە، راهێنەرەکەی داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و دوای تەقەکان، دەستبەجێ کەوتووەتە سەر زەوی و تاوانبارەکەش لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکەوە کە لە دووریی 200 مەتر لە شوێنی رووداوەکە چاوەڕێی کردووە، ناوچەکەی بەجێهێشتووە.
 
پۆلیسی تورکیا گوتویەتی، تیمی رزگارکردن رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراوە، بەڵام نەیتوانیوە ئارسین ئاکا رزگار بکات، ئەگەرچی ئەویان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە بەبرینداری، بەڵام گیانی لەدەستداوە.
 
پۆلیس دەڵێ لە شوێنی رووداوەکە 23 قەوانی گولەمان دۆزیوەتەوە کە هەمووی لە یەک چەکەوە تەقێنراوە و لە جەستەی راهێنەرەکەدا گیرساونەتەوە.
 
پۆلیس تاوەکو ئێستا بەشوێن تاوانبارەکەدا دەگەڕێت.
 
ئارسین ئاکا، وەک راهێنەر و یاریدەدەری راهێنەر، لە چەندین یانەی جیاوازی تورکیا کاریکردووە. وەرزی 2012 - 2013 راهێنەری یانەی بێشکتاش بووە.
 
ئاکا پێشتر وەک یاریزان نەناسراوە، لە ساڵی 2005ەوە وەک راهێنەر دەستی بەکارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە