ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ گۆڵی 911ـی خۆی تۆمارکرد و دۆڕا
رووداو دیجیتاڵ
تاکە گۆڵێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەس نەبوو، بۆ ئەوەی یانەی نەسڕ لە شکستێکی خراپ رزگاری بێت و سێ خاڵی زۆر گرنگی لەدەستدا. کە گۆڵی ژمارە 911 بوو لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا تۆماربکات.
یانەی نەسڕ یەکەم یاریی لەم وەرزەی خولی سعودیدا دۆڕاند و لەنێو یاریگە و هاندەرانی بە یانەی قادسیەی دۆڕا.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی یازدەی خولەکەدا، لە یاریگەی ئەول پارک بەڕێوەچوو، دوای 32 خولەک یارییکردن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد.
خۆشیی هاندەرانی نەسڕ تەنیا 5 خولەکی خایاند، کاتێک جولیان کوینۆنێس ئەنجامەکەی بۆ قادسیە یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
لە خولەکی 50 پیێر ئێمریک ئوبامیانگ، بەلێدانی سەر گۆڵی دووەمی بۆ قادسیە تۆمارکرد.
رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی زۆر هەوڵیاندا لانیکەم ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بێسوود بوو، و یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی میوان کۆتاییهات.
ئەمە یەکەم دۆڕانی یانەی نەسڕ بوو لەم وەرزەی خولی سعودیدا، بەمەش ئەگەری هەیە لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم گەڕەی خولەکە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە لەدەستبدات.