رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەموو چاوەکان لەسەر یاریگای سان سیرۆ دەبن، بۆ بینینی لوتکەی میلان و میوانەکەی یوڤێنتوس، لە گەڕی 13ـی سێری ئادا.
لوتکەی لوتکەکان دوای پشووی نێودەوڵەتی دێت، کە لەو ماوەیەدا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا سەرکەوتوو بوو لە سەرکەوتن بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، دوای ئەوەی لە بەلجیکای بردەوە و بە فەرەنسا دۆڕا، ئیدی سەرنجەکان بە یارییەکی گەورە دەگەڕێنەوە سەر خولی نێوخۆیی ئەو وڵاتە.
میلان ئەم یارییە بەئامانجی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و چوونە نێو رکابەرییەکانی نازناوەکە ئەنجام دەدات، کە تاوەکو ئێستا بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ پلەی حەوتەمی ریزبەندیی گرتووە و بە 6 خاڵ لە دوای یوڤێنتوسە، کە ئەمیش لە پلەی شەشەمدایە، بەڵام لە رووی ژمارەی خاڵەکانەوە ئەوەندە لە پێشەنگ دوور نییە.
ئامانجی هەردوو تیپ لەم یارییەدا سەرکەوتنە و بەبێ بردنەوەی سێ خاڵی یانەکە لەلایەن یەکێکیانەوە، هەردوو یانە هەنگاوێکی دیکە لە چوونە نێو رکابەرییەکە دووردەکەونەوە.
یوڤێنتوس دۆخی لە میلان باشترە ئەگەر پێوەر ئەوەبێت کە هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە، بەڵام ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی دووریخستووەتەوە ئەوەیە کە شەش جار یەکسانبووە و بەمشێوەیە 12 خاڵی لەدەستداوە.
خانمە پیرەکە بەپێ ئامارەکان لە هیڵی هێرشبردن و بەرگریشەوە لە میلان باشترە، بەڵام ئەمجارە خاک و جەماوەر لە بەرژەوەندی میلاندان، بۆیە بەسەرکردایەتی پاولۆ فۆنسیکای راهێنەری پۆرتوگالی، هەوڵدەدات قەرەبووی یەکسانبوونی نائومێدکەرەکەی بکاتەوە کە لە دوایین گەڕدا بەرامبەر کالیاری بەئەنجامی 3-3 یەکسانبوون.
لە بەرامبەردا یوڤێنتوس بەسەرکردایەتی تیاگۆ مۆتای راهێنەر، هەوڵدەدات جارێکی دیکە بەرەو پلەکانی پێشەوە هەڵبکشێتەوە، بەتایبەتی کە تەنای دوو خاڵ لە دوای ناپۆلی پێشەنگەوەیە.
بەگەڕانەوە بۆ مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانیان، دەردەکەوێت کە یوڤێ لە مێژووی خولی ئیتاڵیادا سەرکەوتووترە، کە 178 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، یوڤێنتوس 68 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لەکاتێکدا میلان 57 براوە بوو، لە 53 یاریشدا یەکسان بوونە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ