هاندەرانی ئیڤرتن نەفرەت لە پرێمەرلیگ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
هاندەرانی یانەی ئیڤرتنی ئینگلیزی کە یانەکەیان لەلایەن دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگەوە دە خاڵی لە کۆی خاڵەکانی وەرزی ئەمساڵ لێشکێنراوە، دەستەی سەرپەرشتیاری خولەکە، بەنەفرەت دەکەن.
 
بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو، لە گەڕی سێزدەی پڕێمەرلیگ ئیڤرتن لە یاریگەی گۆدیسۆن پارک، میوانداری یانەی مانچێستەر یونایتد بکات. یارییەکە یەکەم یاریی ئیڤرتنە لە خولەکەدا، پاش لێشکاندنی دە خاڵەکە.
 
هەفتەی رابردوودا یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا، یانەی ئیڤرتنی بەشکاندنی دە خاڵ لە کۆی خاڵەکانی وەرزی ئەمساڵی یانەکە سزادا، بەهۆی پێشێلکردنی یاسای یاریی خاوێنی ئینگلتەراوە و بەهۆی ئەو سزایەوە، یانەکە لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەوە بۆ پلەی نۆزدەیەمی ریزبەندی گشتیی خولەکە دابەزی.
 
هاندەرانی ئیڤرتن لە دژی ئەو سزایە، بڕیاریانداوە لە خولەکی دەی کاتی یاریی یانەکەیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، هەمووان پێکەوە دروشمی 'بەنەفرەت بێت پرێمەرلیگی گەندەڵ' لە یاریگەدا بڵێنەوە.
 
پێشتر، یانەی ئیڤرتن لە وەڵامی سزاکەی دەستەی پرێمەرلیگدا، لە بڵاوکراوەیەکدا ناڕەزایەتیی لەسەر سزاکە دەربڕی و بەنادادپەروەرانە ناویبرد.
 
کەناڵی 'سکای سپۆرت' کە بڕیارە یارییەکەی ئیڤرتن و مانچێستەر یونایتد راستەوخۆ بگوازێتەوە، بڕیاریداوە دەنگی هاندەرانی نێو یاریگەکە لە کاتی یارییەکەدا نزمبکات. بەرپرسانی ئەو کەناڵە گوتوویانە، دروشمەکەی هاندەرانی ئیڤرتن قسەی نەشیاوی تێدایە و لەبەرئەوەی ژن و منداڵ لە رێگەی کەناڵەکەی ئەوانەوە تەماشای یارییەکە دەکەن، بۆیە نابێت ئەو بینەرانەیان گوێیان لەو جۆرە دروشمانە بێت.
 
هاندەرە سەرسەختەکانی ئیڤرتن کە بە 1878کان ناسراون، هەروەها پلانی ئەوەیان هەیە، فڕۆکەیەک بەسەر یاریگەی ئیتحاددا بفڕێنن لەکاتی یاریی نێوان مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول لە رۆژی شەممەی داهاتوو کە دروشمی گەورەی لە دژی پرێمەرلیگ پێوە بەستراوەتەوە.
 
لە دوای دەرچوونی سزاکەی سەر ئیڤرتنەوە، دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی دەستەی پرێمەرلیگ بەرزبووەتەوە و بۆچوونێک هاتووەتە ئاراوە کە سزاکە تووند و نادادپەروەرانەیە. پارێزگاری شاری لیڤەرپوول کە یانەی ئیڤرتنیش لەو شارەیە، پێشتر رایگەیاندبوو سزاکە تووندە و راست نیە، بەڵێنیدا کە یارمەتی یانەکە بدات.