نهێنییە مەترسیدارەکان.. "یاریزانە فەرەنسییەکان دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر"

23-11-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

رۆمان مۆلینا، رۆژنامەڤانی لێکۆڵەری فەرەنسی لە کۆتاییدا بەشێکی زۆری نهێنییەکانی ئاشکراکرد کە چەند رۆژێکە بە پچڕپچڕی باسیان دەکات.
 
مۆلینا رۆژنامەڤانێکی فەرەنسییە، پێشتر لە رۆژنامەکان و تیڤییە جیهانییەکانی وەک بی بی سی، سی ئێن ئێن، نیویۆرک تایمز و گاردیان کاری کردووە، شەری رابردوو لە رێگەی خزمەتگوزاریی " سپەیس "ـەوە لە تویتەر راستەوخۆ زۆربەی نهێنییە مەترسیدارەکانی ئاشکراکرد، لەو راستەوخۆیەدا نزیکەی 70 هەزار کەس لەسەر هێڵ بوون.
 
رۆمان مۆلینا کۆمەڵێک گەندەڵی و دۆسیەی ئەخلاقی یاریزانان، راهێنەران، کەسایەتییە وەرزشییەکان و بەرپەرسەکانی ئاشکراکرد. 
 
ئەمەی خوارەوە بەشێكە لە قسەکانی ئەو رۆژنامەڤانە فەرەنسییە کە بەنیازە لەم ماوەیەدا هەموویان بکاتە دۆکیومێنتارییەک و وەک خۆشی گوتی: دوای بڵاوکردنەوەی دۆکیومێنتارییەکە ئیدی واز لە کاری رۆژنامەڤانی دەهێنم.
 
رۆمان: بەشێک لە یاریزانە نێودەوڵەتییە فەرەنسییەکان، ئەوانەی لە خولی فەرەنسی و ئینگلیزی یاری دەکەن لە دەرچەی کۆمیاندا تووشی نەخۆشی بوون، چونکە بە منداڵی چەندینجار دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر.
 
- ئیلی واهی، یاریزانی پێشووی یانەی مۆنپیلێی فەرەنسی کە لە ئەکادیمیای یانەکە دەرکرا، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یاریزانە مێردمنداڵەکانی ناچاردەکرد لە بەرچاویدا خووی نهێنی "دەسپەڕ" بکەن.
 
- هەموو یەکێتییە وەرزشییەکان لە هەموو کیشوەرەکاندا کارەسات و دۆسیەی گەندەڵیی و سێکسییان هەیە، لە نێوان کوڕ و کوڕ، کچ و کچ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کۆنگۆ لە دۆسیەی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان تێوەگلاوە، ئەوەی لە جیهاندا روودەدات باوەڕپێنەکراوە، دەمەوێ هەموو ئەمانە بکەمە فیلمێکی دۆکیومینتاری و دوای بڵاوکردنەوەی دۆکیومێنتارییەکە ئیدی واز لە کاری رۆژنامەڤانی دەهێنم.
 
- لەنێو بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی جیهانیدا کە بە فیفا ناسراوە دەستدرێژیکردنەسەر کچانی خوار 18 ساڵ هەبووە.
 
- کاپتی هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵانی بۆتسوانا تەمەنی راستەقینەی خۆی زیاترە لە 20 ساڵ، بە ناسنامەی یاریزانێکی یاریدەکات کە کۆچی دواییکردووە، ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە تاوەکو ئێستاش هەر یاری دەکات.
 
- لە کیشوەری ئاسیا یارکردن بە ئەنجامی یارییەکان هەیە و زانیاریشم لەسەری زۆرە، بە نزیکەیی سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ساختەن و یارییان پێوەدەکرێت.
 
- مەغریب هەرچییەکی بوێت لەنێو یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقادا دەیکات، ئەوان لە رووی هەیکەلییەوە باشترین وڵاتی ئەفریقییە، ئەوێ ناوەندی دەستوەردارن و بەڕێوەبردنی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقایە و کاریگەریی زۆریان هەیە.
 
- لە ئەفریقا بەشێک لە سەرۆک یەکێتییەکان ئەو پارەیەی لەبەردەستیانە بۆ لەشفرۆش و خوێندنی منداڵەکانیان لە وڵاتەکانی دیکە بەکاردەهینن، گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێک لەوێ کە پێشبینی ناکرێت.
 
- بەمزووانە کتێبێک دەردەکەم لەسەر تێوەگلانی رێکخراوی ئەلقاعیدە لە یەمەن و رێکخستنی یارییەکانی تۆپی پێ لەو وڵاتە بۆ ئەوەی گەنجەکان پەلکێشی نێو ریزەکانی ئەو رێکخراوە بکرێن.
 
- ئاسیا لێوانلێوە لە گەندەڵی، بەجۆرێک کە یاریزانە یەدەگەکانی تیپێک گرەو "قومار" لەسەر یاریی یانەکەیان دەکەن و دەشیبەنەوە.
 
- پاریس سانجێرمان پارەی بەکارهێناوە بۆ گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان، هەروەها بۆ گواستنەوەی یاریزانانیش، پارە لای ئەوان گرنگیی نییە، چییان بوێت دەیکەین بۆ راکێشانی یاریزانان، رێکخراوی تیرۆرستی هەیە کە قسەی یەکەمی یانەکە و لە هەڕەمی بڕیاردانی تیپەکەدان، با هەندێک کاتم هەبێت، کتێبێک لەسەر چیرۆکی ناسر خلێفی و راستییەکانی و هەموو ئەو کەسانە دەنووسم کە لە چواردەورین.
 
- وەبەرهێنانی قەتەری لە یانەی پاریس سانجێرمان بابەتێکی سیاسییە، هیچ پەیوەندییەکی بە تۆپی پێوە نییە، هەرگیز گرنگی بە تۆپی پێ نادەن بەڵام بێگومان دەیانەوێ بیبەنەوە.
 
- ناسر خلێفی بەتەنیا سەرۆکی پاریس نییە، ئەو دەیەوێ واز لە کارەکەی بهێنێت، چونکە پەستانی کارکردنی زۆر لەسەرە، ئەو باڵیۆزی قەتەرە لە فەرەنسا و هەمووان قسەی لەگەڵ دەکەن و ماندووە بە پەیوەندییەکانەوە بۆیە دەیەوێ وازبهێنێت.
 
- لە پاریس سانجێرمان یاریزانەکان لە کاتی گەشتەکان نێرگەلە دەکێشن، 80٪ـی یاریزانانی ئێستای تۆپی پێ دەیکێشن.
 
- ئێمە لە فیفا سوورین لەسەر تۆپی پێی ئافرەتان، بەڵام هیچ گرێنتییەکی ئەمنی نییە بۆ ئەوان، لە هەموولایەکەوە دەستدرێژی و هێرش هەیە بۆ سەریان.
 
- جۆش کاڤالۆ، یاریزانی ئوسترالی کاتێك کە رایگەیاند هاوڕەگەزخوازە، پارەیەکی زۆری وەرگرتبوو بۆ ئەوەی ئەو قسەیە بکات، تەنانەت ئەو یاریزانانەشی کە پالپشتیی میدیاییان لەو دەکرد پارەیان وەرگرت.
 
- یاریزانێک هەیە لە یانەی سپێزیای ئیتاڵی کە ونبووە، کەس نازانێت لەکوێیە و چی بەسەرهاتووە.
 
- هێرشکردنەسەر قەتەر بەوەی کە کرێکارەکان دەمرن و مافی مرۆڤ پێشێلدەکرێت بابەتێکی سیاسییە و هەندێک لە رێکخراوەکان دەیانەوێ کێشە بۆ ئەو وڵاتە دروستبکەن.
 
- لە جیبۆتی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێ کاژێری کارەکانی بە سەیرکردنی فیلمی پۆرن بەسەردەکات و فیفاش ئەمە دەزانێک و پەردەپۆشی دەکات.
 
- یاریزان هەبوو لە خولی پلە سێی ئیتاڵیا بە 20 ملیۆن یۆرۆ فرۆشراوە بەبێ ئەوەی کەس بزانێت.
 
- لە نایجیریا ئاسانترین شت ئەوەیە کە تەمەنی یاریزانی تۆپی پێ ساختە بکەیت.
 
- لە پاریس سانجێرمان شەڕێکی گەورە روویدابوو لە نێوان تۆخێل و لیۆناردۆ. 
 
- لیۆناردۆ سوور بوو لەسەر کڕینی ئیکاردی بۆ پاریس، لە کاتێکدا راهێنەر ئەو یاریزانەی نەدەویست، ئەوەشی جێگەی شۆکە لیۆناردۆ بەبێ پرسکردن بە پۆچێتینۆ گرێبەستەکەی ئیکاردیی کڕییەوە و راهێنەرەکەش ئەو یاریزانەی ناوێ.
 
- گۆڵپارێزە ئافرەتەکەی ئێران 100٪ ستەملێکراوە، بەڵام وڵاتێکی ئەفریقی هەیە کە هەندێک پیاو یاری بۆ تیپی ئافرەتان دەکەن.

 

بەر لە دوو مانگ، مۆلینا هەر لە رێگەی تویتەرەوە چەند قسە و نهێنییەکی درکاند کە بەم شێوەیە بوون.
 
مۆلینا دەربارەی گەڕانەوەی کەریم بنزیما بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا چیگوت؟
 
مۆلینا بانگەشەی ئەوەی کرد کە گەڕانەوەی بنزیما بۆ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا پێش یۆرۆی 2020 راستەوخۆ بە فەرمانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن بووە.
 
هەرچەندە گەڕانەوەی بنزیما هاوکاتبوو لەگەڵ دەرکەوتن بە ئاستێکی بەرز لەگەڵ ریال مەدرید، بەڵام هیچ کەسێک پێشبینی نەدەکرد کە ئەو یاریزانە بەڕەچەڵەک جەزائیرییە جارێکی دیکە بە درێسی هەڵبژاردەی فەرەنسا و لە پێکهاتەکەی دیدێ دیشامپدا دەبینرێتەوە.
 
مولینا دەربارەی راهێنەری پێشووی یانەی ئانژێ و لیکۆلینەوە لە بەڕۆژووبوونی یاریزانەکانی تیپەکەی لە مانگی رەمەزاندا چیگوت؟
 
ئەو رۆژنامەڤانە بانگەشەی ئەوەی کرد کە ستیفان مۆلینی راهێنەری پێشووی یانەی ئانژێ و ئێستای یانەی کان ئەستێرە موسڵمانەکانی بێزارکردووە.
 
مۆلینا لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی رایگەیاند کە دەیویست دڵنیابێتەوە لەوەی کە ئەوان بەڕۆژوو نین و هەندێکیشیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرد، ئەوانەی رێنماییەکانیان پێشێل دەکرد و لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوودەبوون.
 
مۆلینا، گوتیشی "ئەو راهێنەرە زۆر بایەخی بەوەدەدا کە بزانێت یاریزانەکانی لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژون یان نا، هەرگیز ئەوەندە بایەخی بە تۆپی پێ نەدەدا، شتەکان بۆ عەرەب و مەغریبییەکانی ئەو یانەیە ئاڵۆزبوون".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئەو تاکە کەس نەبوو کە لە ئانژی شتەکانی بۆ یاریزانانی موسڵمان قورس دەکرد، پیاوێکی دیکەش کە پێگەیەکی فەرمی لەو یانەیە هەیە، دەیگوت ئێمە بایەخ بە موسڵمانان نادەین".
 
مۆلینا چیگوت دەربارەی ئابڕووچوونە سێکسییەکان و تاوانەکان کە گوایە لەلایەن فیدراسیۆنی فەرەنساوە پەردەپۆشکراون؟
 
مۆلینا بانگەشەی باس لەوە دەکات کە یەکێک لە ئەستێرە گەورەکانی ئێستا، کاتێک لە فەرەنسا یاریدەکرد دەستدرێژی کردووەتە سەر کچە یاریزانانی بچووک لە تیپەکەیدا.
 
روونیشیکردەوە کە کارگێڕیی یانەکە هەوڵیدا پەردەپۆشی بکات کە پێشتر بە هاوکاری فیدراسیۆنی فەرەنسا روویداوە و ئەمە تاکە رووداوی تۆپی پێی فەرەنسا نەبوو لە ساڵانی رابردوودا.
 
مۆلینا سەبارەت بە پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانی بارسێلۆنا و یوڤێنتۆس و بەرتیلەکانی سایتێک لە لایەن فیفاوە قسەی کرد و گوتی "ئەو رۆژنامەڤانە بانگەشەی ئەوەی کرد کە یەکێک لەو سایەتانەی بەناوبانگن لە بواری دیاریکردنی نرخی بازاڕی یاریزانانی تۆپی پێ، چەندین بەرتیلی لە بریکاری یاریزانەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەستکاری ژمارە و ئامارەکانیان بکات.
 
ئەو رۆژنامەڤانە فەرەنسییە، روونیشیکردەوە کە گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردنی ئارسەر و پیانیچ لە نێوان بارسێلۆنا و یوڤێنتوس نایاسایی بووە و دەستکارییەکی زۆری هەبووە و چەند پسپۆڕێکیش داوایان لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کردووە لێکۆڵینەوەیەک بکاتەوە، بەڵام فیفا پشتگوێیخستووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە