یاری لووتكه‌ی پرێمه‌رلیگ.. بوێريی لامپارد له به‌رامبه‌ر ئه‌زموونی فه‌یله‌سووفدا
رووداو ـ هه‌ولێر
له یارییه‌كدا كه هه‌مووان په‌رۆشی بینینی ده‌كه‌ن، ئه‌مشه‌و له یاری لووتكه‌ی گه‌ڕی 13ی پرێمه‌رلیگدا مانچێسته‌ر سیتی و چێڵسی رووبه‌ڕووی یه‌كدی ده‌بنه‌وه.
یارییه‌كه كاژێر 20:30 به كاتی باشووری كوردستان له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئیتیحاد له شاری مانچێسته‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، كه تێیدا بوێری فرانك لامپاردی تازه راهێنه‌ر به‌گژ ئه‌زموونی زۆر و فه‌لسه‌فه‌ی گواردیۆلای فه‌یله‌سووفدا ده‌چێته‌وه.
لامپارد كاتێك بووه راهێنه‌ری چێڵسی یه‌كه‌م یاری خۆی به 4 گۆڵی بێوه‌ڵام به مانچێسته‌ر یونایتد دۆڕاند، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و یارییه‌وه شێوه و رووخساری تیپه‌كه‌ی لامپارد گۆڕا و ئێستا یه‌كێكه له به‌هێزترین تیپه‌كانی پرێمه‌رلیگ و ركابه‌ره له‌سه‌ر نازناوه‌كه.
به‌ڵام ئه‌مشه‌و جارێكی دیكه لامپارد و تیپه‌كه‌ی ده‌خرێنه‌وه به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی زه‌حمه‌ت و به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی گواردیۆلا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و راهێنه‌رە و یاریزانه‌كانی تا چه‌ند ئاره‌زووی ركابه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر نازناوی پرێمه‌رلیگ، ئه‌وان گه‌شت ده‌كه‌ن و له یاریگه‌یه‌كی زه‌حمه‌تدا رووبه‌ڕووی تیپێكی زه‌حمه‌ت ده‌بنه‌وه، كه تیپی خاوه‌ن یاریگه هیچ ده‌رفه‌تێكی نییه بۆ دۆڕان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی دیكه له ململانێكه له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول.
لامپارد ده‌توانێت له گواردیۆلا بباته‌وه؟ بۆ نا؟ راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه مانچێسته‌ر سیتییهكهی پێپ ئه‌و دێوه‌زمه ترسێنه‌ره نه‌ماوه كه له وه‌رزی رابردوودا به نیو ده‌رزه‌ن گۆڵ شكستی به چێڵسی هێنا، دۆڕانه‌كانی ئه‌مساڵی مان سیتی به‌رامبه‌ر وۆلڤێرهامپتۆن له جامی یه‌كێتی و لیڤه‌رپوول و نۆریچ سیتیش وره و ئومێدی ئه‌وه به لامپارد ده‌ده‌ن كه دوایین هیوای مانچێسته‌ر سیتی بۆ ركابه‌ریكردن له‌سه‌ر نازناوی ئه‌مساڵ له‌نێوببات.
به‌پێی لۆژیكی ئاماره‌كان بێت زه‌حمه‌ته ئه‌و دوو یانه‌یه خاڵه‌كانی ئه‌م یارییه له‌نێوان خۆیاندا به‌ش بكه‌ن و پێویسته یه‌كێكیان براوه‌بێت، چونكه له دوایین 10 رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا هیچ یارییه‌ك به‌یه‌كسانبوون كۆتایی نه‌هاتووه، بێجگه له دوا یاری نێوانیان كه له جامی رابیته‌ی پیشه‌گه‌رانی ئینگلیزی EFL Cupدا به‌بێ گۆڵ یه‌كسانبوون و له لێدانه‌كانی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌دا مانچێسته‌ر سیتی براوه‌بوو.
له‌و 10 یارییه‌دا كه له هه‌موو خول و پاڵه‌وانێتییه‌كاندا رووبه‌ڕووی یه‌كدی بوونه‌ته‌وه، مانچێسته‌ر سیتی 6 جار براوه‌بووه‌و چێڵسیش 4 سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تیپه شینپۆشه‌كه‌ی له‌نده‌ن گۆڵی زیاتری كردووه‌و 15 جار تۆڕی مانچێسته‌ر سیتی هه‌ژاندووه‌و ئه‌وان 13 گۆڵیان له چێڵسی كردووه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه 3 ساڵه چێڵسی له‌نێو یاریگه‌ی ئیتحاددا نه‌یتوانیوه له مانچێسته‌ر سیتی بباته‌وه.