مان سیتی و لیڤەرپوول چاویان لە ئەستێرەیەکی بایرنە



رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەکی بایرن میونشن بکەن.
 
بە پێی میدیاکانی بەریتانیا، هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول چاویان بڕیوەتە تواناکانی جەمال موسیالای ناوەڕاستکاری بایرن و و سەرسامن بە ئاستی یاریزانە  لاوەکە. 
 
موسیالا گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن ساڵی 2026 کۆتاییدێت و ئێستا هیچ پلانێك نییە بۆ دانوستاندن و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی. هەرچەندە موسیالا نایەوێت یانە باڤارییەکە جێبهێڵیت، بەڵام لە هەمان کاتدا یاریزانەکە دەیەوێت خولەکی زیاتر یاری بکات و چاوەڕێ دەکات تاکو ببینێت کە چۆن لە ژێر سەرپەرشتی تۆماس تۆخێلی راهێنەری ئاستی بەرەو پێشدەچێت و پێدەگات.     
  
جەمال موسیالای تەمەن 20 ساڵ، لە پشتی هێرشبەر یاری دەکات و بڕینی یاریزانان باشترین تایبەتمەندی ئەم ئەستێرە ئەڵمانیەیە. ساڵی 2020 بە گرێبەستێك بە بڕی تەنیا 200 هەزار یۆڕۆ لە لاوانی چێڵسییەوە پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کرد و لەم وەرزەدا یاریزانەکە بەشداری لە 9 یاریدا کردووە و توانیویەتی 1 گۆڵ و 3 ئەسیست تۆمار بکات.
 
موسیالا بە یەکێك لە بەهرەمەندترین یاریزانەکان دادەنرێت لە ئەوروپا و داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی دەکات، هەر ئەمەشە وای کردووە کە زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاو ببڕنە ئەستێرەکەی باڤاریا و هەوڵدەدەن بیبەنە ریزەکانیانەوە.