ڤیدیۆ؛ کۆڵن یەکەم سەرکەوتنی ئەمساڵی بەدەستهێنا و ئۆگسبۆرگیش ریمۆنتادای کرد

رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆریان کاینز دوو گۆڵی لە دوو لێدانی سزا تۆمارکرد، و کۆڵن یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەدا لە خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی دێربیی رایندا بە ئەنجامی 3-1 لە بۆرووسیا مۆنشنگلادباخی بردەوە، کە کوادیۆ کۆنی یاریزانی گلادباخ کارتی سووری وەرگرت و بە 10 یاریزان یارییەکەی تەواوکرد.
 
تاکە گۆڵی گلادباخ لە خولەکی 63 لەلایەن نیکۆ ئێلڤێدییەوە تۆمارکرا.
 
لە کاتێکدا گۆڵی سێیەمی یانەی کۆڵن لە خولەکی 90 لەلایەن لوکا والدشمیتەوە تۆمارکرا.
 
لە یارییەکی دیکەدا، جێس تۆرۆپی راهێنەری دانیمارکیی یانەی ئۆگسبۆرگ، لە یەکەم یارییدا لەگەڵ تیپەکەیدا بە ئەنجامی 5-2 لە هایدنهایمی بردەوە، دوای ئەوەی تیپەکەی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد.
 
یانەی میوان سەرەتایەکی خراپی هەبوو، چونکە لە دوو خولەکدا دوو گۆڵیان لێکرا، بەڵام فیلیپ تیتز لە خولەکی 29دا جیاوازییەکەی کەمکردەوە، دواتر لە خولەکی 41دا مادس پیدەرسن گۆڵی یەکسانکردنەوەی تۆمارکرد، دواتر ئەرمیدین دیمیرۆڤیچ گۆڵی سێیەمی بۆ ئۆگسبورگ تۆمارکرد.
 
لە گێمی دووەمدا فیلیکس ئودوجای و ئێلڤیس رێکسابی دوو گۆڵی دیکەیان بۆ ئۆگسبۆرگ تۆمارکرد.
 
بایر لیڤەرکوزن پێشەنگی خولی ئەڵمانی گرتووە، کە بە خاڵێک لە پێش شتوتگارت و دوو خاڵ لە پێش بایرن میونشنی پاڵەوانی وەرزی رابردووە.