چاڤی: لە بارسا یاریزانی سەرەکی و یەدەگ نییە

23-10-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکردەوە کە دەبێت ئەمشەو لە ئاتلێتیک بیلباو ببەنەوە. گوتیشی "هیچ یاریزانێکی سەرەکی و یەدەگ نییە، هەمووان یاریزانانی بارسێلۆنان".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 11ـی لالیگادا، لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەکات.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "پێشتر ئەوەم گوتووە، هیچ یاریزانێکی سەرەکی و یەدەگ نییە، هەمووان یاریزانانی بارسێلۆنان". 
 
راهێنەری بارسا سەبارەت بە یارییەکەش گوتی "ئێمە سەرنج دەخەینە سەر ئەم یارییە، بیر لە داهاتوو ناکەینەوە، ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین. تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرنگمان هەیە. سێ خاڵی زێڕینن بۆ ئێمە، من بیر لەم یارییە دەکەمەوە و کاتێک تێپەڕین ئینجا بیر لە چوارشەممە دەکەینەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "لێرە هەمیشە گوشار و دڵەڕاوکێ هەیە، ئەمە بارسێلۆنایە، دەبێت زۆر رکابەرانە بێت، دەبێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، پێشبینییەکان زۆر باشن بۆ ئەم وەرزە، دەبێت بەردەوام بین، زۆر بەباشی یاریمان کرد بەرامبەر ڤیاریال، یانەیەکی گەورەیە، بەڵام ئەمجارەش بەرامبەر یانەیەکی گەورەی دیکە یاری دەکەین کە ئاتلێتیک بیلباوە، ئەوان زۆر بەهێزن، لە رووی جەستەییەوە یارییەکەمان زۆر لێ ئاڵۆز و زەحمەت دەکەن". 
 
چاڤی هەروەها گوتیشی "دەبێت بەهەمان ئاستی بەرامبەر ڤیاریال یاری بکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبێنین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە