هاندەرانی بارسا چاوەڕێی شەوێکی دیکەی سیحراوی نێو کامپ نون

رووداو دیجیتاڵ

 

وەکئەوەی قەدەر و خشتە و کاتی یارییەکان بە بارسێلۆنا و چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بڵێت، فەرموو قەدەر لە بەرژەوەندی خۆت و تیپەکەت بقۆزەرەوە و تەپوتۆزی شکستی کلاسیکۆ لەسەر شانەکانت بتەکێنە، بارسێلۆنا دووەم یاری قورسی لەسەریەکی خۆی، لە نێو نوکامپدا ئەنجامدەدات و هاندەرانی ئەو یانەیە دەتوانن جارێکی دیکە رووداوەکانی شەوێکی دیکەی سیحراوی لە یاریگەی یانەکەیاندا بنووسنەوە.
 
پاش سەرکەوتنەکەی هەفتەی رابردوو بەرامبەر ڤیاریال، کە کەمێک متمانە و ئارامی بۆ پەیژەکانی نوکامپ گێڕایەوە، ئەمشەو بارسا بۆئەوەی بەشێکی دیکەی برینەکەی کلاسیکۆ چارە بکات و درێژە بدات بە مانەوە لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە، میوانداری ئاتلێتک بلباو دەکات.
 
بارسا کە لە نێو یاریگەی خۆیدا و بەر لە چەند رۆژێک، ڤیاریالی تێکشکاند کە دەبوو یەکێک لە یانە بەسەرئێشەکان بێت بۆ گەورەکان و هەلی دۆخی دەروونیی خراپی بارسا لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە، پێویستی بە ئەنجامێکی باش لە بەرامبەر ئاتلێتیک بلباودا هەیە و بۆ ئەوەش مێژوو زۆر پشتگیری یانە کەتەلۆنییەکە دەکات.
 
بارسێلۆنا هەموو کات لە نێو یاریگەی خۆیدا، بیلباوی لە وەرز و کاتی جیاوازدا تێكشکاندووە، ئەوە ورەیەکی بەرز دەداتە چاڤی تاوەکو بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیلباو، کە ئەمساڵ یەکێکە لە باشترین تیپەکانی لالیگا، بەبێ سەرئێشە بگاتە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
 
نوکامپ دەبێتە شوێنی یادەوەرییەکان بۆ ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی راهێنەری ئێستای بیلباو و پێشووی بارسێلۆنا کە ماوەیەک لەگەڵ ئەو یانەیەدا و بۆ دوو وەرز و نیو کاریکرد و ئەنجامەکانی و شێوازی یاریکردنی لەگەڵ یانەکەدا مایەی دڵخۆشیی هاندەرانی یانەکە و میدیای کەتەلۆنیاش نەبوو کە کاریان زۆریان کرد بۆ پاڵپێوەنانی ئەو راهێنەرە بە ئاراستەی فڕێدانی بۆ دەرەوەی دامەزراوەی بارسێلۆنا.
 
بیلباو ئەمساڵ بۆ سێیەمجار، پەنای بۆ ڤاڵڤێردی بردەوە لەپێناو مەشقدانی یانەکە. ئەو راهێنەرە تەمەن 58 ساڵە، دەکرێ بەسەرکەوتووترینی مێژووی بیلباو دابنرێت، چونکە دوای نزیکەی چوار ساڵ لە دوورکەوتنەوە لە یانە باسکییەکە، هیچ راهێنەرێک نەیتوانی تیپەکە لە نێو ئەو لێهاتوویی و دەستکەوت و ئارامییەدا بژیەنێت کە لەسەردەمی ڤاڵڤێردی لەگەڵ یانەکەدا لە ئارادابوون.
 
یارییەکەی ئەمشەو دەکرێ پاڵنەر بێت بۆ ڤاڵڤێردی تاوەکو لەلایەک درێژە بە ئەنجامە باشەکانی خۆی لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا بدات کە تاوەکو بەر لە دوا سێ گەڕی خولەکە لە ململانێدابوو لەگەڵ ریال و بارسا، بەڵام دوو یەکسانبوون و دۆڕانێک بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یارییەکی دراماتیکیدا، یانەکەیان کەمێک لە ریزبەندی گشتیی خولەکە هێنایە خوارەوە.
 
ئەمشەو دەکرێ ڤاڵڤێردی بیر لە زۆر شت بکاتەوە.. دەکرێ بۆ کەتەلۆنییەکانی دووپات بکاتەوە، ئەو هۆکار نەبوو کە تیپەکەیان نەیدەتوانێ نازناوەکان بباتەوە، بەڵکو دەردی نازناو نەبردنەوە لە بارسێلۆنا لە چەند ساڵی نزیکی رابردوو، رەگێکی قووڵی لە ویژدانی هەموو یاریزانانی ئەو یانەیەدا داکووتاوە و وا بەئاسانی دەرنایەت.