پێرسپۆلیس گەیشتە فایناڵی چامپیۆنزلیگی ئاسیا

رووداو - هەولێر

یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی بە سوود وەرگرتن لە یاری چوونی نێوانیاندا، لەسەر حسابی یانەی سەدی قەتەری گەیشتە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.

لە قۆناخی پێشکۆتاییدا و لە یاری گەڕانەوەدا، هەردوو یانە لەسەر یاریگای ئازادی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، یاری چوونی نێوانیان بە گۆڵێکی بێوەڵام لە سوودی یانەی پێرسپۆلیس کۆتاییهاتبوو.

لەم یارییەشدا هەردوو یانە ئاستێکی بەرزیان پیشاندا، لە خولەکی 17دا بەغداد بونەجاح گۆڵی یەکەمی بۆ یانە قەتەرییەکە تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 49دا سیامەک نیعمەتی گۆڵی یەکسانی بۆ یانە ئێرانییەکە تۆمارکرد و یارییەکە تاکۆتایی بەم ئەنجامە کۆتاییهات.

ئەم ئەنجامەش کۆی هەردوو یاری کردە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سوودی پێرسپۆلیس، بەمەش ئەو یانەیە لە یاری کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی یاری نێوان کاشیما ئانتلەرزی ژاپۆنی و سوون سامسۆنگی کۆریای باشوور دەبێتەوە، کە رۆژی چوارشەممە یارییەکەیان ئەنجامدەدەن.