بێرناردۆ سیلڤا هێرشدەکاتە سەر ئارسیناڵ

23-09-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن بێرناردۆ سیلڤا
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

بێرناردۆ سیلڤا، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، هێرشی کردە سەر یانەی ئارسیناڵ و ئاماژەی بەوەدا ئارسیناڵ ناتوانێ وەک لیڤەرپوول لە ئاستی رکابەریی مانچێستەر سیتیدا بێت.
 
مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ئارسیناڵی کرد و یارییەکە بەیەکسانبوونی هەردوو یانە بە دوو گۆڵ کۆتاییهات.
 
یارییەکە کۆمەڵێک رووداوی دراماتیکی بەخۆوەبینی، ئەگەرچی مانچێستەر سیتی لەسەرەتا گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام ئارسیناڵ هەرزوو ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و پاشان گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەرلەوەی لە دوا خولەکەکانی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا جۆن ستۆنز ئەنجامەکە بۆ مانچێستەر سیتی یەکسان بکاتەوە.
 
یارییەکە کۆمەڵێک حاڵەتی مشتومڕ هەڵگری لەخۆگرتبوو، گرنگترینیان کارتە سوورەکەی لیۆنارد ترۆسارد و گۆڵەکەی ریکاردۆ کالافیۆری بوو.
 
لە دوای یارییەکە، پێپ گواردیۆلا رەخنەی لە ناوبژیوان، مایکڵ ئۆلیڤەر گرت و گوتی "چیدیکە بە یاریزانەکانم دەڵێم نەڕۆنە لای ناوبژیوان کە بانگیان دەکات". مەبەستی لە حاڵەتی گۆڵەکەی کالافیۆری بوو کاتێک ناوبژیوان والکەری بانگ کردبوو بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات، راستەوخۆ دوای ئەوە یاریی دەستیپێکردەوە و شوێنی والکەر لە هێڵی بەرگری مانچێستەر سیتی چۆڵ بوو و ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی ئارسیناڵ هەلەکە بقۆزێتەوە و گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات.
 
بەتەنیا پێپ رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانی یارییەکە نەبوو، بەڵکو میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵیش لە دۆخەکە نیگەران بوو. ئارتێتا لەبارەی  حاڵەتی کارتە سوورەکەی لیۆناردۆ ترۆساردەوە گوتی، "تەنانەت نامەوێت قسەی لەسەر بکەم" وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان بە گشتی بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ.
 
لە نێو مشتومڕی گەرمی دوای یارییەکە، بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی هێرشی کردە سەر یانەی ئارسیناڵ و گوتی "بۆیە لیڤەرپوول نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە لە چەند ساڵی دواییدا، بەڵام ئارسیناڵ نەیتوانی".
 
ئەو زیاد دەکات و دەڵێت "لیڤەرپوول چامپیۆنزلیگیشی بردەوە و ئارسیناڵ هەرگیز بەدەستی نەهێناوە، بۆیە رکابەریی ئێمە جیاوازبوو لەگەڵ لیڤەرپوول".
 
لەبارەی جیاوازیی شێوازی بیرکردنەوەی لیڤەرپوول و ئارسیناڵیش، سیلڤا دەڵێت "لیڤەرپوول هەردەم بە بیری بردنەوە لەگەڵ ئێمە یارییان دەکرد، ئەوان هەموو یارییەک بۆ بردنەوە دەهاتن".
 
قسەکانی بێرناردۆ سیلڤا دوای ئەوە هات کە بەشێک لە میدیاکان، سەرزەنشتی شێوازی بەرگریی ئارتێتایان کرد بەرامبەر مانچێستەر سیتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە