بارسێلۆنا دوو بژاردەی لەپێشە

رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا باس لەوە دەکەن کە یانە کەتەلۆنییەکە دوو بژاردەی لەپێشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڵپارێز، دوای ئەوەی تێر شتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی تووشی پێکانێکی قورس بوو، کە ئەگەری هەیە ماوەی 7 تاوەکو 9 مانگ دووربکەوێتەوە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بژاردەیەک تایبەتە بە گۆڵپارێزێکی پێشووی ریال مەدرید. بژاردەیەکیش تایبەتە بە گۆڵپارێزێک کە وازی لە یاریکردن هێناوە و بارسا دەیەوێت پاشگەزی بکاتەوە و بگەڕێنێتەوە نێو یاریگەکان.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، یەکێک لە بژاردەکانی بەردەستی بارسێلۆنا، گرێبەستکردنە لەگەڵ کایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی پێشووی ریال مەدرید، کە ئێستا بێ یانەیە.
 
پرسیار ئەوەیە کە ئایا ناڤاس ئامادەیە بچێتە بارسێلۆنا، لە کاتێکدا پێشتر یاریزانی ریال مەدرید بووە، بەڵام دەکرێت گۆڵپارێزە کۆستاریکییەکە هەلێکی لەو جۆرە لەدەستنەدات، بەتایبەتی کە دوای رۆیشتنی لە ریال مەدرید بۆ دوو یانەی دیکە یاری کردووە، واتا راستەوخۆ لە ریال مەدریدەوە ناچێتە بارسێلۆنا.
 
ئەو سەرچاوانە سەبارەت بە بژاردەی دووەمی بەردەستی بارسێلۆنا، دەڵێن "بارسا ئەگەری هەیە پەنا بباتە بەر "چارەسەرێکی سەیر" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێکانە لەناکاوەی کە مارک تێر شتیگنی گۆڵپارێزەکەی لە یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریال تووشی بوو، و ئیناکی پێنای گۆڵپارێزی یەدەگ پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەمی یارییەکە چووە نێو یاریگا".
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە بارسێلۆنا، بەرپرسانی بارسا بیر لەوە دەکەنەوە ڤۆیچیج چێزنیی گۆڵپارێزی پۆڵەندی پێشووی یانەکانی ئارسیناڵ و یوڤێنتوس رازی بکەن بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان، کە وازهێنانی لە تۆپی پێ راگەیاندووە.
 
گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە دوای حەوت وەرز یاریکردن بۆ یوڤێنتوس کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی هێنا، کە سێجار خولی ئیتاڵیا، سێجار جامی ئیتاڵیا و دووجار جامی سوپەری ئیتاڵیای لەگەڵیدا بردووەتەوە، پێش ئەوەی گرێبەستەکەی بە رەزەمەندی هەردوولا هەڵبوەشێنێتەوە.
 
بەپێی ئەو پلانەی بارسا دایناوە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ چێزنیی هاونیشتیمانیی خۆی قسە دەکات، بۆ ئەوەی رازی بکات لە وازهێنان پاشگەز ببێتەوە و گرێبەست لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بکات.
 
بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەئەنجامی 5-1 لە ڤیاریالی بردەوە و بەردەوام بوو لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانی، کە شەشەم بردنەوەی لەسەریەکی لە لالیگادا بەدەستهێنا.
 
بارسا بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە و بە چوار خاڵ لەپێش یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووە، کە پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.