بەرگریی بایرلیڤەرکوزن بووەتە سەرئێشە بۆ چابی ئەلۆنسۆ

23-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بۆندێسلیگا بایرلیڤەرکوزن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، رەخنەی لە شێوازی بەرگریی تیپەکەی گرت، پاشئەوەی بە 4 - 3 گۆڵ لە ولفسبۆرگی بردەوە.
 
ولفسبۆرگ لە دوای تەنیا چوار خولەک لەسەرەتای یارییەکە، گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، دواتر لە ماوەی نۆ خولەکدا دوو گۆڵی دیکەی تۆمارکرد و گێمی یەکەم بە 3 - 2 گۆڵ لە پێشەوە بوو، بەرلەوەی لیڤەرکوزن بەدوو گۆڵ لە گێمی دووەمدا لە رێگەی پیێرۆ هینکاپی و ڤیکتۆر بۆنیڤاسەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
 
ئەلۆنسۆ لە لێدوانی بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، "هەست بەڕەزامەندی دەکەم و دڵخۆشم بەسێ خاڵی یارییەکە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە لە ئاستی تیپەکە رازی نیم، بەتایبەت لە گێمی یەکەمدا دۆخەکە شێتانە و ناسەقامگیر بوو".
 
ئەلۆنسۆ هەروەها دەڵێ، "شایستەی ئەوەبووین سێ گۆڵمان لێبکرێت، بەلاوازی بەرگریمان کرد، بەڵام لە گێمی دووەمدا کەمێک باشتر بووین، ئەگەرچی لە کۆی گشتیدا ئاستمان باشنەبوو".
 
لیڤەرکوزن کە یەکەم تیپی مێژووی بۆندێسلیگایە بەبێ دۆڕان نازناوی خولەکە بباتەوە، لە وەرزی ئەمساڵدا بەدەست کێشەی بەرگرییەوە دەناڵێنێت، تیپەکە دوو گۆڵی لەلایەن بۆرووسیا میونشنگلادباخەوە لێکرا، بەرلەوەی 3 - 2 بەلایپزیگ بدۆڕێت.
 
ئەلۆنسۆ دەڵێ، "نۆ گۆڵ لە چوار یاریدا زۆرە. وەرزی رابردوو بووە مێژوو، نامانەوێت خۆمان پێ بەراورد بکەین، بەڵام دەبێ ئاستی بەرگریمان باش بکەین، هەروەها پێداگربین لەسەر کۆنترۆڵی تۆپ".
 
لیڤەرکوزن لە گەڕی داهاتووی بۆندێسلیگادا دەبێتە میوانی بایرن میونشن و لە چامپیۆنزلیگیش رووبەڕووی میلانی ئیتاڵی دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە