ئارنۆڵد ختووکەی هەستی ریال مەدرید دەدات


رووداو دیجیتاڵ

ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکەری لاباڵی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دەرگای ئومێدی بەڕووی ریال مەدریدی ئیسپانیدا کردەوە، کاتێک رایگەیاند، بڕیاریداوە باسوخواسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول دوابخات.
 
ئارنۆڵد کە بەیەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەدا دادەنرێت بۆ شوێنگرتنەوەی دانی کارڤاخال، بڕیاریداوە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول دوابخات، چونکە وەکئەو دەڵێ، لەبەرئەوەی دڵنیا نییە لەبەردەوامبوون لە یاریگەی ئانفێڵد.
 
ئەلیکساندەر دەڵێ، لە هاوینی 2025 گرێبەستەکەم لەگەڵ لیڤەرپوول نوێدەکەمەوە، ئەگەر یانەکە لە بردنەوەی نازناوەکان بەردەوامبێت و دووپاتیدەکاتەوە، نازناوەکان پاڵنەری سەرەکین بۆ بەردەوامبوونی ئەو لەگەڵ رێدز.
 
ئارنۆڵد کە لە دوا وەرزی کارکردنی یۆرگن کلۆپی راهێنەری پێشووی لیڤەرپوولدا بەیاریزانێکی سەرەکیی پێکهاتەکە نەمابووەوە، لەگەڵ ئارنی سلۆتی راهێنەری نوێی یانەکەدا، یەکێکە لەو یاریزانانەی لەسەرجەم یارییەکانی یانەکەدا سەرەکیی بووە.
 
دوای سەرکەوتنی لیڤەرپوول بەسەر بۆرنمۆس، ئارنۆڵد گوتی، "دەمەوێت لانیکەم تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ لیڤەرپوول بەردەوام بم، من ماوەی 20 ساڵە لە لیڤەرپوولم و چوار تاوەکو پێنج گرێبەستم لەگەڵ یانەکەدا نوێکردووەتەوە و هیچکات وردەکاریی گرێبەستەکانم ئاشکرا نەکراوە و ئەمجارەش هەروا دەبێت".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "گرنگترین شت بردنەوەی نازناوەکانە، من دەمەوێت نازناو ببەمەوە و یاریزانێکم زۆر بەخۆشوخرۆشم بەو ئەو کارە. هەروەها دەمەوێت لە یاریزانە بژاردەکانی جیهان بم. لەوانەیە ئەوە هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ هەر بڕیارێک لەبارەی داهاتوومەوە، ئەگەر من لە دەستەی بژاردەبم، ئەوکات بردنەوەم دەوێت و هەموو شت دەکەم لەپێناو بردنەوەدا".
 
لەبارەی ئاستی ئەمساڵی لیڤەرپوولەوە، ئەو یاریزانە دەڵێ، "ئەمساڵ باش دیارین، بەڵام هێشتا لەسەرەتاداین، دەبێ پتەوبین و بردنەوە بەسەر زۆر تیپدا بەدەست بهێنین. هەروەها دەبێ لە پاڵەوانێتییەکانی دیکە و لە چامپیۆنزلیگیشدا باش بین، تاوەکو بتوانین زۆرترین نازناو ببەینەوە".
 
ئارنۆڵد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە یاریزانی لیڤەرپوولە، تاوەکو ئێستا 231 یاریی لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکەدا ئەنجامداوە و بەشداری لە 100 گۆڵدا کردووە.