ئەستێرە شاراوەکانی دیاری - لوکاس چێڤالیێر

 

رووداو دیجیتاڵ

گۆڵپارێزە لاوە فەرەنسییەکەی یانەی لیل، پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت لە بەرەوپێشچوون و ببێتە گۆڵپارێزی داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
لوکاس چێڤالیێر، ئەو گۆڵپارێزە 22 ساڵەی یانەی لیلی فەرەنسی، کە سەرنجی چەند زلهێزێکی بۆ لای خۆی راکێشاوە، درێژیی باڵای 189 سم و توانایەکی جەستەیی بەهێزی هەیە، چێڤالیێر لە وەرزی رابردوودا توانی لە کۆی 33 یاری خولی فەرەنسی، 15 جار کلین شیتی هەبووە و سەرکردایەتیی یانەی لیل بکات بۆ سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ، ئەو ژمارەیە بەرزترە لە ژمارەکانی گۆڵپارێزی یانەی پاریس سان جێرمان، جیانلویجی دۆناروما.
 
ئەو گۆڵپارێزە بە توانایە 94 گەڕاندنەوەی هەبووە لە وەرزی رابردوو، بە رێژەی 74% ئەو تۆپانەی گەڕاندووەتەوە کە ئاراستەی کراون.
 
کاروانی وەرزشی چێڤالیێر لە ئەکادیمیای یانەی لیلەوە دەستیپێکردووە و دواتر بەرزکراوەتەوە بۆ تیپی یەکەمی یانەی لیل، لەگەڵ ئەو یانەیە خولی فەرەنسای بەدەستهێناوە.
 
گرێبەستی ئەو گۆڵپارێزە تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام و مووچەی ساڵانەی یەک ملیۆن و 100 هەزار یۆرۆیە، نرخی لە بازاڕی گواستنەوەکان بە 25 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
 
فەرەنسییەکان ئەو گۆڵپارێزە، بە گۆڵپارێزی داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە قەڵەم دەدەن دوای مایک ماینان، گۆڵپارێزی ئێستای یانەی ئەی سی میلان و پێشووتری یانەی لیل.
 
چێڤالیێر لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە چاودێری دەکرێت و یانەکە وەرزی رابردوو بە روونی نیازی خۆی خستەڕوو دەربارەی گواستنەوەی ئەو گۆڵپارێزە، یانە پاریسییەکە ئەوی دەوێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی گۆڵپارێزی ئێستای یانەکە، دۆناروما.
 
لە یاری داهاتووی ئەو یانەیە لە چامپیۆنزلیگدا، چێڤالیێر لە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەدا رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە و چاوەکان لەسەری دەبن بۆ ئەوەی دووبارە خۆی بسەلمێنێتەوە.