ڤیدیۆ؛ کوڕە کوردەکەی شتوتگارت گڕی لە بوندێسلیگا بەرداوە

رووداو دیجیتاڵ

 

جارێکی دیکە دێنیز ئونداڤ، یاریزانی کورد، سەرکردایەتی یانەی شتوتگارتی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر بۆرووسیا دۆرتمونددا.
 
شتوتگارت لە گەڕی چوارەمی بوندێسلیگدا، میوانداریی بۆرووسیا دۆرتموندی کرد و 5-1 لێیبردەوە، کە بەشی یاریزانە کوردەکە دوو گۆڵ بوو.
 
دێنیز ئونداڤ، چوار خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی تۆڕی بۆرووسیا دۆرتموند بهەژێنێت. دواتر ئێرمدین دیمیرۆڤیچی هاوڕێی لە خولەکی 21 گۆڵی دووەمی بۆ شتوتگارت تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرزەوەندی ئونداڤ و هاوڕێکانی کۆتاییهات.
 
لە گێمی دووەمدا ئینزیۆ میلۆت لە خولەکی 62 گۆڵی سێیەمی بۆ تیپی خاوەن یاریگا تۆمارکرد، دواتر سێرهۆ جیراچی یاریزانی پێشووی شتوتگارت جیاوازییەکەی بۆ بۆرووسیا دۆرتموند کەمکردەوە و تاکە گۆڵی زەردپۆشەکانی لە خولەکی 75 تۆمارکرد.
 
پاشان شتوتگارت دوو گۆڵی دیکەی تۆمارکرد، بیلال تۆرێ لە خولەکی 80گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد و دێنیز ئۆنداڤیش لە دواخولەکدا گۆڵی دووەمی خۆی و پێنجەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
هێرشبەرە کوردەکەی یانەی شتوتگارت تاوەکو ئێستا 3 گۆڵی لە بوندێسلیگادا هەیە، کە هاری کەینی هێرشبەری ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشن، بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ پێشەنگی ریزبەندیی گۆڵکارانی بوندێسلیگای گرتووە.
 
بەم سەرکەوتنە شتوتگارت بە 7 خاڵ گەیشتە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی و دۆرتموندیش 7 خاڵی هەیە لە پلەی هەشتەمە.