گواردیۆلا بۆ رۆژنامەڤانان: هالاند ناچارتان دەکات داوایلێبوردنی لێبکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، بەرگری لە ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری نەرویجی دەکات، بەهۆی ئەوەی دەرفەتی زۆر دەچوێنێت و گوتی "رەخنە لە هالاند مەگرن، چونکە ناچارتان دەکات داوایلێبوردنی لێبکەن". هەروەها گوتیشی "هالاند چەند نەشتەرگەرییەکی دیکەی پێویستە".
 
لە کۆنگرەکەدا پرسیاری ئەوە لە پێپ کرا، کە هالاند زۆر دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت و کەم گۆڵ دەکات؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "هالاند زۆر گۆڵ دەچوێنێت؟ ئەمشەو نەخەوتووم. دەی، ئێرلینگ دەرفەتی سەرسوڕهێنەری گۆڵکردنی هەبووە. ئێستا دەیتوانی 14 یان 15 گۆڵ تۆماربکات و هەمان مشتومڕی ئێستای دەبوو". 
 
پێپ لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئێرلینگ، گوتی "بۆیە گرنگە، وەک هەمیشە دەیگوت دەرفەتم بۆ رەخسا، دەرفەتم بۆ رەخسا، گرنگترین شت ئەمەیە، نەک بڵێت دەرفەتم بۆ ناڕەخسێت، تۆپم پێناگات، هەموو کاتێک لە شوێنێکی هەڵەدام. ئەوە لەگەڵ ئێرلینگ هالاند روونادات". 
 
ئەو زیاتر گوتی "ئامۆژگاری من لەبارەی ئێرلینگەوە ئەوەیە، زۆر رەخنەی لێ مەگرن. رەخنە لە دوو باڵەکە و بەرگریکاری ناوەڕاست و راهێنەر بگرن. بەڵام هەرگیز هەرگیز رەخنە لە هێرشبەرێک نەگرن، کە گۆڵێکی زۆری تۆمار کردبێت، چونکە دەیکات و دەتخاتە دۆخێک کە هەست دەکەیت پێویستە داوای لێبوردنی لێبکەیت".
 
راهێنەری مان سیتی، سەبارەت بە پێکانی کیڤن دی برۆین و باری دەروونی یاریزانەکە قسەی کرد و گوتی "دەربارەی باری دەروونی کیڤن دی برۆین؟ باشە ئەوە پێکانێکی درێژخایەنە. کەواتە، نەشتەرگەری زیاتری بۆ دەکرێت و هێشتا چەند مانگێکی دیکەی ماوە بۆ چاکبوونەوە، بەڵام باری دەروونی کیڤن دی برۆین هەنگاو بە هەنگاو بەرەو باشتر دەچێت".