کۆرتوا بڕیارێکی قورس دەدات و هەمووان شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی بەلجیکا، بە بڕیارێکی قورس هەمووان شۆک دەکات و یاخیبوونی خۆی رادەگەینێت و دەڵێت "چیدی یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ناکاتەوە تاوەکو راهێنەرەکەی لەوێ بێت".
 
کۆرتوا پەیامێکی ئاگرینی بڵاوکردەوە و تێیدا راشکاوانە رایگەیاند یان خۆی یان دۆمێنیکۆ تێدێسکۆی راهێنەر و گوتی "تاوەکو تێدێسکۆ راهێنەر بێت یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ناکاتەوە".
 
کۆرتوا لەگەڵ راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا تووشی کێشە و ناکۆکی بووبوو، چونکە ساڵی رابردوو لە کاتی یارییەکەیاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا نیشانەی کاپتنی لێوەرگرت و بەخشییە رۆمێلۆ لوکاکوی هاوڕێی.
 
ئەو بڕیارەی تێدێسکۆ کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر گۆڵپارێزەکەی ریال مەدرید، کە کۆرتوا هەستی بە تووڕەیییەکی زۆر کرد، چونکە راهێنەرەکە گفتوگۆی تایبەتی نێوانیان بڵاوکردەوە.
 
کۆرتوا لە رێگەی ئەکاونتەکەیەوە لە ماڵپەڕی “X” نووسیویەتی "پێمخۆشە قسە بۆ هاندەرانی بەلجیکا و هاندەرانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بکەم. هەست بە خۆشەویستی و شانازی دەکەم کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەم دەکەم لە یاریگادا، هەروەها هەر کەسێکم خۆش دەوێت کە هاندەری تیپەکەمانە".
 
ئەو زیاتر دەڵێت "هەست بەشانازی دەکەم، چونکە دەرفەتی ئەوەم هەبوو درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانەکەم لەبەربکەم، تەنانەت لە خەونەکانمدا و بە خەیاڵمدا نەدەهات کە بتوانم زیاتر لە 100 جار ئەو کارە بکەم".
 
هەروەها دەشڵێت "بەداخەوە دوای ئەو رووداوانەی لەگەڵ راهێنەرەکە روویاندا و دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر بڕیارمدا نەگەڕێمەوە بۆ هەڵبژاردەی بەلجیکا لەژێر سەرپەرشتی ئەودا، تاوەکو ئەو راهێنەر بێت ناگەڕێمەوە".
 
گۆڵپارێزەکە درێژەی بە قسەکانی دەدات و دەڵێت "لەگەڵ ئەوەشدا کە سەیری ئایندە دەکەم و بەهۆی نەبوونی متمانەمەوە، پێموانییە هیچ یارمەتیدەرێک هەبێت بۆ پاراستنی کەشوهەوای دۆستانە. لەو بارەیەوە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەلجیکا گفتوگۆم کردووە، ئەوان لە هەڵوێستی من تێدەگەن و ئەو هۆکارانەشیان قبوڵە کە من بەهۆیانەوە ئەو بڕیارە تاڵ و بەئازارەم داوە".
 
لە کۆتاییدا کۆرتوا نووسیویەتی "بەداخەوەم کە هەندێک هاندەرانم بێهیوا کرد، بەڵام بڕوام وایە کە ئەمە باشترین رێڕەوی کارکردنە بۆ بەلجیکا، چونکە مشتومڕەکە دادەخات و رێگە بە تیپەکە دەدات سەرنجی لەسەر ئامانجەکانی بێت. سوپاس بۆ پاڵپشتی بێوچانتان، بۆ خۆشەویستی و تێگەیشتنتان".