کاسێمیرۆ بووە هەشتەم گرانترین گرێبەستی فرۆشتن لە مێژووی لالیگادا

23-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کاسێمیرۆ ریال مه‌درید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆس کاسێمیرۆ، یاریزانی بەرازیلی، کە دوێنێ رووی لە یانەی مانچێستەر یونایتد کرد، ناوی چووە نێو لیستی گرانترین گرێبەستەکانی فرۆشتن لە مێژووی خولی ئیسپانیادا، دوای ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی بەجێهێشت.
 
بەپێی راپۆرتێکی نوێ، کە ماڵپەڕی Transfer Marketـی جیهانی بڵاویكردووەتەوە، نرخی گواستنەوەی كاسێمیرۆ لە یانەی ریال مەدریدەوە بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد بە 70 ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆ مەزەندە دەكرێت، بەمەش لە پلەی حەوتەمی لیستی گرانترین گرێبەستەكانی رۆیشتنە لە مێژووی لالیگادایە.
 
کاسێمیرۆ لەگەڵ ریال مەدرید لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا 336 یاری کردووە، 31 گۆڵی تۆمارکردووە و 29 ئاسیستیشی هەبوو، لە ماوەی 8 وەرزدا، بەو پێیەی وەرزێکی بەخواستن لەگەڵ یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی بەسەربردووە.
 
لیستی 10 گرانترین گرێبەستی فرۆشتن لە مێژووی خولی ئیسپانیادا بەمشێوەیە:
 
1 - نەیماری بەرازیلی، لە بارسێلۆناوە بۆ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ.
 
2 - ئانتوان گریزمان، لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بۆ بارسێلۆنا، بە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ.
 
3 - کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی، لە یانەی ریال مەدریدەوە بۆ یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بە بڕی 117 ملیۆن یۆرۆ.
 
4 - لۆکاس هێرناندێز لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بۆ بایرن میونشنی ئەڵمانی، بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ.
 
5 - کێپای گۆڵپارێزی ئیسپانی، لە ئاتلێتیک بیلباوەوە بۆ چێڵسیی ئینگلیزی، بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ.
 
6 - ئارسەر میلۆی بەرازیلی، لە بارسێلۆناوە بۆ یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ.
 
7 - ئانخێل دی ماریای ئەرجەنتینی، لە ریال مەدریدەوە بۆ مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ.
 
8 - کاسێمیرۆی بەرازیلی، لە ریال مەدریدەوە بۆ مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بە بڕی 70 ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆ.
 
9 - ئەلڤارۆ مۆراتای ئیسپانی، لە ریال مەدریدەوە بۆ چێڵسیی ئینگلیزی، بە بڕی 66 ملیۆن یۆرۆ.
 
10 - ئێمێریک لاپۆرتی ئیسپانی، لە ئاتلێتیک بیلباوەوە بۆ مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، بە بڕی 65 ملیۆن یۆرۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە