لیڤەرپوول ناهێڵێت محەممەد سەڵاح بگەڕێتەوە میسر

رووداو دیجیتاڵ

لیڤەرپوول رێگە بە محەممەد سەڵاح نادات بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر بەشداری لە کەمپێکی مەشقیدا بکات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر، نامەیەکی فەرمی لە یانەی لیڤەرپوولەوە پێگەیشت، کە تێدا داوای لێبوردن لە فیدراسیۆنەکە دەکات بەهۆی ئەوەی کە رێگە بە محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی نادات بگەڕێتەوە میسر بۆ بەشداریکردن لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە.

هەڵبژاردی میسر بە سەرکردایەتی حوسام بەدریی راهێنەری، لە رۆژانی داهاتوودا کەمپێکی مەشقی دەکاتەوە بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ دوو یاریی داهاتووی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، کە بڕیارە رووبەڕووی هەردوو هەڵبژاردەی ئەنگۆلا و گابۆن ببێتەوە.

یانە ئینگلیزییەکە لە پەیامەکەیدا بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسری، دەڵێت "لەبەرئەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئینگلتەرا، ئەو کەسانەی گەشت بۆ هەندێک وڵات دەکەن ناچاردەکات 10 رۆژ خۆیان کەرەنتینە بکەن، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئینگلتەرا، بۆیە داوای لێبوردن دەکەین کە ناتوانین رێگە بە محەممەد سەڵاح بدەین بگەڕێتەوە میسر".

فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر، لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیکردەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانیدا لەگەڵ فیفا بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ پەیوەندیکردنی یاریزانانی نێودەوڵەتی بە هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان، ئەویش لە رێگەی بەخشینیان لە رێکارەکانی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتانەی کە دۆخی کۆرۆنا تیایاندا هێشتا خراپە.