پوختەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی کارلۆ ئەنچیلۆتی

کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ناپۆلی یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانی سەبارەت بە دەسپێکی وەرزی نوێی خولی ئیتاڵی ئەنجامدا، کە ئەمەی خوارەوە پوختەی وەڵامەکانی کارلۆ ئەنچیلۆتییە دەربارەی ئامادەکاریی یانەکەی بۆ یەکەم یاریی بەرامبەر فیۆرێنتینا لە یاریگای ئەرتیمۆ فرانکی.

چ سەرنجێکت هەیە لەسەر واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ لۆزانۆ؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: لە راستیدا یاریزانێکی نایابمان بەدەستهێنا، ئەو کەسێکی بەهێزە، ئێمە ماوەیەکی زۆرە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی لۆزانۆ دەدەین، یانەکەمان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ گواستنەوەی لۆزانۆ تەرخان کرد  و سەرکەوتوو بوو، ئەوە کارێکی هێندە ئاسان نەبوو. بۆ وەرزی نوێ لە رووی بژاردەی زۆری هێرشبەرییەوە لۆزانۆ دەتوانێ یارمەتیمان بدات، ئەو خۆیشی ئاواتی دەخواست ببێتە یاریزانی ناپۆلی، هەر لەبەر ئەم هۆیە، بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەم یاریزانە مەکسیکییە زۆر دڵخۆشم.

ئایا لۆزانۆ لەگەڵتان دەبێت بۆ شاری فلۆرانسا و لە بەرامبەر فیۆرێنتینا بەشداری پێ دەکەیت؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: نەخێر، پێویستە مەشقی زیاتر بکات، پاشان هەندێ کاری رۆتینی هەیە دەبێ تەواوی بکات، پێویستی بەوەیە بۆ هۆڵەندا گەشت بکات، بەڵام بۆ دووەم یاریی ئەم وەرزە لە تۆرینۆ لەگەڵمان دەبێت، بەرامبەر یوڤێنتوس.

هاتنی لۆزانۆ بەواتای وازهێنان دێت لە هەوڵەکانتان بۆ گواستنەوەی خامێس رۆدرێگیز؟ ئایا پێتوانییە یۆرێنتی یاریزانێکی سوودبەخش بێت بۆ ناپۆلی؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: من ئامادە نیم قسە لەسەر یاریزانێک بکەم کە لە تیپەکەی خۆمدا نەبێت.

بەنیازی لە چ شوێنێکی یاریگا بەشداریی بە لۆزانۆ بکەیت؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: دەتوانێت وەک هێرشبەر یاریی بکات، هەروەها لە پشتەوەی هێرشبەریش دەتوانێ یاریی بکات، تەنانەت دەتوانێ لە باڵەکانی راست و چەپی هێرشکاریی بەشداربێت، ئەمە من دڵخۆش دەکات، کە یاریزانێک بتوانێ زیاد لە جێگەیەکی یاریگە یاریی بکات، بەمە دەگوترێت یاریزانێکی هەمەکار، ئێمە حەز بە گواستنەوەی یاریزانێک ناکەین کە تەنیا لە یەک جێگەی یاریکردن کۆمەکیمان بکات. لۆزانۆ هێرشکارە، بەڵام ناتوانم پێت بڵێم بەدیاریکراویی لە چ شوێنێکی خاڵی هێرشکاریی یاریی دەکات، چونکە یاریزانێکی جۆکەرە.



سەبارەت بە مێرکاتۆی یانەکەت ئامادەیت 10 پۆینتی بدەیتێ و بڵێیت بەتەواویی لە ئیدارەی یانەکە رازیم؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: بەڵێ لە 10 پۆینتدا 10 پۆینتی پێ دەدەم بە کاری ئیدارەی یانەکە لە مێرکاتۆ، دەمانەوێ لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوەکان بجەنگین، نامەوێ لە زیاتر بڵێم، تەنیا دەڵێم دەجەنگین بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزە. 

دڵخۆشیت بە مێرکاتۆی هاوینەی یانەکەت، یان پێویستت بە یاریزانی دیکە هەیە؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: من دڵخۆشم، چ  لەکاتی مەشقوڕاهێنان و ئەنجامدانی یاری، لە ئاستی تەواوی یاریزانانی تیپەکەم رازیم، هەروەها بە هاتنی یاریزانە تازەکانیش زۆر دڵخۆشم.

ئایا خۆزێ کالیخۆن لە پڕۆژەی یانەکەدایە، یان چیدیکە گرنگی پێ نادەن؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: بەڵێ، ئێمە ئامادەین پارێزگاریی لێبکەین، چونکە هەوڵ دەدات و کار دەکات لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئاستی و یاریزانێکی ئاستجێگیر و نایابە، کوالێتی ئەم یاریزانە دەیسەلمێنیت کە ئەستێرەیەکی پیشەگەرە.

هێشتا مێرکاتۆی ناپۆلی کراوەیە، یان کۆتاییهاتووە؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: من هیچ لەسەر مێرکاتۆ ناڵێم.

ئەو گۆڕانکارییەی لە ستافی راهێنەری یوڤێنتوس روویداوە دەکرێ بڵێین کەلێنێکی دروست کردووە تاوەکو ئێوە سوودی لێوەرگرن؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: ئێمە کارمان لەسەر باشترکردنی ئاستی تیپەکەمان کردووە، بە بەراورد بە وەرزی رابردوو، دەمانەوێ خاڵی زیاتر کۆبکەینەوە، هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین گۆڵی زۆرتر تۆمار بکەین، لێگەڕێن تەنیا گوزارشت لە دۆخی خۆمان بکەین، ئیشی من نییە قسە لەسەر ئەوانی دیکە بکەم.

چیت هەیە لەسەر سوودوەرگرتن لە ناوبژیوانی ئافرەت؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: ئەوە لە خولی ئەڵمانی روویدا، هیچ گرفتێک نەبوو، پێویستە لە ئیتاڵیاش ئامادەبین بۆ تاقیکردنەوەی ئەو ئەزموونەی کە خانمان ئەرکی ناوبژیوانی یارییەکانی کاڵچیۆ لەئەستۆ بگرن


ئیکاری پەیوەندی دەکات بە ناپۆلییەوە؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: من بایەخ بەو چیرۆکە نادەم، ئەوەم بۆ ئیدارەی یانەکە جێدەهێڵم، ئێستا تەنیا بیر لە تیپەکەم دەکەمەوە، بیر لە سبەینێ دەکەمەوە، چونکە لەبەردەم سەرەتایەکی گرنگ و سەختداین، چونکە دوو یاریی قورسمان لەپێشە، بەرامبەر فیۆرێنتینا و یوڤێنتوس.

چ زانیارییەک هەیە دەربارەی ئارکادیۆش میلیک، لەگەڵتان گەشت دەکات بۆ فلۆرانسا، ئایا لەپێکانەکەی چاکبووەتەوە؟

ئەنچیلۆتی: ئەم بەیانییە میلیک دەستی بە مەشق کردووەتەوە، بەڵام هێشتا هەست بە ئازار دەکات، بۆیە بە باشمان زانی پشووی زیاتر بدات و پەلە نەکەین لە گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان، دەربارەی یاریزانەکانی دیکە سەرجەمیان بەپەرۆشن بۆ وەرزی نوێ، پاڵنەری زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی ئەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین. پێویستە درک بە هێز و توانامان بکەین، بۆیە ئەم وەرزە هەموو یارییەک لەپێناو بردنەوە دەجەنگین.

ئایا پێتوایە ناپۆلی ئەمساڵ بەهێزترە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: بەڵێ، من بڕوای تەواوم  بە یاریزانانی تیپەکەم هەیە بەتایبەت لە رووی جۆرییەتییەوە ئێمە بەهێزترین، هەروەها هەموو تیپەکە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو پێکەوە بەشێوەیەکی گونجاو یاریی دەکەن و لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرجەم یاریزانان دروست بووە، هەروەها مێرکاتۆیەکی نایابمان ئەنجامدا. پێویستە تیپەکەمان چێژ لەو تایبەتمەندیانە وەربگرێت کە پێی دەناسرێتەوە، دەبێ تێبکۆشین لەپێناو سەرکەوتن و بەدەستهێنانی نازناو، لە پێشی هەموویانەوە بەرپرسیارییەتییکە کە لەستۆی منە.

چ سەرنجێکت هەیە سەبارەت بە ئاستی فیۆرێنتینا کە لە دەستپێکی کاڵچیۆ رووبەڕووی یەکدیی دەبنەوە؟

کارلۆ ئەنچیلۆتی: فیۆرێنتینا تیپێکی تۆقێنەرە، بەتایبەت لە دژەهێرشی پێچەوانە، کێزا دەتوانێ زۆر ژیرانە کێشە بۆ تیپی بەرامبەر دروست بکات، ئەم وەرزە ڤیۆلا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەوان نوێبوونەتەوە، بەر لە هەموو شت ئەوان لە یاریگای خۆیان بە رۆحییەتێکی بەرز یاریی دەکەن و هاندانی هاندەران ئەوان دەخرۆشێنێت، بۆیە ئەوان هەموو یارییەک بردنەوەیان دەوێت، هەر بۆیە دەبێ کۆششی زۆر بکەین لەپێنا بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە.