"میدالیا ئۆڵیمپییه‌كه‌م پێشكه‌شی گه‌لى كورد و شاری سنه‌ ده‌كه‌م"

23-08-2016
هەرێز جەمال
نیشانەکردن سه‌باح شه‌ریعه‌تی
A+ A-

هه‌رێز جه‌مال 
تایبه‌ت به‌ رووداوى وه‌رزشى 

بێجگه‌ له‌ كیانۆش رۆسته‌مى، كه‌ له‌ یاری به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی میدالیای زێڕی برده‌وه‌، وه‌رزشكارێكی دیكه‌ى كورد له‌ ئۆڵیمپیادى ریۆ 2016دا میدالیایه‌كى دیكه‌ى ده‌سته‌به‌ر كردو بووه‌ دووه‌م كورد له‌ ركابه‌رییه‌كانى یارییه‌ ئۆڵیمپییه‌كانى ئه‌مساڵ میدالیا بباته‌وه‌. 

سه‌باح شه‌ریعه‌تی، یاریزانى زۆرانبازى هه‌ڵبژارده‌ى ئازه‌ربایجان، كه‌ كوردی شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، توانى له‌ كێشی 130 كیلۆگرامدا له‌نێو 19 یاریزاندا پله‌ی سێیه‌م و میدالیاى برۆنز ده‌سته‌به‌ربكات. 

(رووداوى وه‌رزشى) وه‌ك یه‌كه‌م میدیاى كوردى، هه‌ڤپه‌یڤێنێكى له‌گه‌ڵ ئه‌و پاڵه‌وانه‌ كردووه‌، ئه‌و له‌ سه‌ره‌تای هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا، كه‌ له‌ به‌رازیله‌وه‌ قسه‌ی بۆ (رووداوی وه‌رزشی) ده‌كرد، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌ پاش كۆتایهاتنى یارییه‌كانى وڵاتانى ئه‌وروپا، كه‌ له‌ باكۆى پایته‌ختى ئازه‌ربایجان به‌ڕێوه‌چوو، ده‌ستیكردووه‌ به‌ مه‌شق و راهێنان بۆ یارییه‌كانى ئۆڵیمپیادو خه‌ونى ده‌سته‌به‌ركردنى ئه‌و میدالیایه‌و بوونه‌ راستى تاوه‌كو ئێستا لاى وه‌سف ناكرێت. 



سه‌باح شه‌ریعه‌تی، ته‌مه‌ن 27 ساڵ، له‌ دایكبووى شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌، 10 ساڵ زیاتره‌ یاریزانى زۆرانبازییه‌و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ماڵباتى به‌ره‌و وڵاتى ئازه‌ربایجان گواسته‌وه‌، ئه‌و هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ ئێران وه‌ك كوردێك هیچ بایه‌خی به‌ تواناكانى نه‌داوه‌و گوتى "له‌ ئێران هیچ بایه‌خمان پێنه‌ده‌درا، به‌ روونى دژایه‌تى منیان ده‌كرد، بۆیه‌ راسته‌وخۆ پاش ئه‌وه‌ى گه‌یشتمه‌ باكۆ، ئازه‌رییه‌كان زۆر بایه‌خیان پێدام و دواى وه‌رگرتنى وڵاتینامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ئیدى به‌شدارى سه‌رجه‌م ركابه‌رییه‌ كیشوه‌رى و نێوخۆییه‌كانم كردووه‌". 



سه‌باح گوتیشى "ته‌نیا كارى من له‌ ئازه‌ربایجان وه‌رزشه‌و رۆژانه‌ به‌پێى به‌رنامه‌یه‌كى ده‌ستنیشانكراو مه‌شقه‌كانم له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى راهێنه‌رێكى كورد ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌ویش دانیشتووى شارى سنه‌یه‌ به‌ناوى جه‌مشیدى خه‌یرابادى، كه‌ پێشتریش له‌ ئۆڵیمپیادى ساڵى 2012 راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران بوو، دواتر په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵبژارده‌ى ئازه‌ربایجانه‌وه‌ كرد".  



سه‌باح شه‌ریعه‌تی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئاستى زۆرانبازى له‌ وڵاتى ئازه‌ربایجان به‌ره‌و پێشچوونێكى زۆرى به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌و له‌سه‌ر ئاستى جیهان كارتێكى به‌هێزه‌و گوتی "پێش ئۆڵیمپادیش له‌ پاڵه‌وانیه‌تى جیهان له‌ ساڵى 2014 له‌ تاشقه‌ندى پایته‌ختى ئۆزبه‌گستان به‌شداربووم و پاشان له‌ 2015 له‌ ئه‌مه‌ریكاو پاشان له‌ خولى یارییه‌كانى ئه‌وروپا له‌ باكۆ و هێلسنگی، هه‌روه‌ها له‌ پاڵه‌وانیه‌تى فه‌رهه‌نگى له‌ ئێران به‌شداریم كرد و له‌ هه‌موویاندا ركابه‌ری زۆرانبازه‌ به‌ناوبانگه‌ جیهانییه‌كانم كردووه‌". 

سه‌باح هه‌روه‌ها گوتیشى "له‌ رێگه‌ى تۆڕی میدیایی رووداوه‌وه‌ سڵاو و رێز و حورمه‌تم بۆ‌ گه‌لی كوردستان و شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م سنه‌ ده‌نێرم و پێیانده‌ڵێم به‌ لوتفی خوای گه‌وره‌ و دوعای خێری ئێوه‌، میدالیای برۆنزی ئۆڵیمپیم به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌و میدالیایه‌ پێشكه‌شی گه‌لى كورد ده‌كه‌م".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە