دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی، ماورۆ ئیکاردی تووشی خەمباری بووە


رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی رابردوو، واندا نارا، هاوژینی ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەری گاڵاتەسەرای تورکی، جیابوونەوەی خۆی لەو یاریزانە راگەیاند، هەواڵەکە گۆڕانکاریی زۆری لە ژیانی ئیکاردیدا دروستکردووە.
 
واندا نارا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی جیابوونەوەی لە ئیکاردی، ئاشکرایکرد لەگەڵ هەردوو کچەکەی فرانچیسکا و ئیزابێلا، بۆ دوورکەوتنەوە لە کەشی نێگەتیڤی ژیان، روو لە بەرازیل دەکات و ماوەیەک لەوێ پشوو دەدات.
 
میدیای ئەرجەنتین ئاشکرایانکردووە، ئیکاردی بەهۆی جیابوونەوەی واندا ناراوە، تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بووە.
 
میدیاکانی ئەرجەنتین دەڵێن، "ئیکاردی بەدەست خەمۆکییەکی قووڵەوە دەناڵێنێت، ویستی خواردنی نەماوە و جەستەی زۆر لاواز بووە، هەروەها ماسوولکەکانی لەشی پاشەکشەی گەورەیان کردووە".
 
ئیکاردی بەهۆی هەمان دۆخەوە نەیتوانیبوو بەشداری یاریی دۆستانەی تیپەکەی بەرامبەر دوسڵدۆرف بکات. رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی یانەی گاڵاتەسەرای لە دۆخی ئیکاردی دەترسن، چونکە ئاستی لەگەڵ رووداوەکانی ماوەی رابردوودا زۆر پاشەکشەی کردووە و هەمان رۆژنامە لە زاری هاوڕێکانی ئیکاردیی گواستووەتەوە کە ئەو یاریزانە ئێستا زۆر تووڕە و بێزارە.
 
نارای 37 ساڵ و ئیکاردی 31 ساڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی 2014دا هاوسەرگیرییانکرد، پاشئەوەی واندا نارا لە ماکسی لوپێزی هاوڕێی پێشووی ئیکاردی جیابووەوە.