هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لە ریال مەدریدەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گرنگی بەتواناکانی ئەستێرەیەکی ئەڵمانی دەدات و دەیەوێت یاریزانەکە بێبەرامبەر بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، یانەی ریال مەدرید گرنگی بەتواناکانی ماتس هەمڵس، بەرگریکاری ئەڵمانی و یاریزانی پێشووی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دەدات، کە ئێستا بێ یانەیە و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "یانەی بۆلۆنیا لەگەڵ یاریزانەکە لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی یاریزانەکە بگوازێتەوە، بەڵام بەهۆی گرنگی پێدانی ریال مەدرید بەو یاریزانە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا ساردبوونەتەوە و ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا، ماتس درێسی سپی ریال مەدرید بپۆشێت."
 
ماتس هەمڵس تەمەنی 35 ساڵە، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، یانەکە گرێبەستەکەی نوێنەکردەوە و ئێستا ئەو یاریزانە بێ یانەیە.
 
هەمڵس ئەزموونێکی زۆری لە یارییکردندا هەیە و یەکێک بووە لە بەرگریکارە دیارەکانی دڵی بەرگری لە چەند ساڵی رابردوودا، کاروانی 21 ساڵی رابردووی یارییکردنی لەسەر ئاستی لاوان تاوەکو گەیشتن بە ئاستی پێشکەوتووان، لەنێوان هەردوو یانەی بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند بووە و ئێستا یاریزانەکە دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
 
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا لەم هاوینەدا، تەنیا گرێبەستی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ کردووە، چەند رۆژێکی دیکە ئێندریکی یاریزانی لاوی یانەکەشی بە میدیاکان دەناسێنێت.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، رۆژنامەی مارکا چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاندبوو، ئەگەری هەیە گواستنەوەی یاریزانان لەم هاوینەدا بۆ ریال مەدرید کۆتاییبێت و هیچ یاریزانێکی دیکە نەگوازێتەوە.