تایبەت بە رووداو.. یانەی هەولێر سکاڵا لە دژی عەلی شاخەوان تۆمار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر سکاڵا لە دژی عەلی شاخەوان تۆماردەکات، دوای ئەوەی یاریزانەکە یانەکەی بەجێهێشت و پەیوەندیی بە یانەی جەوییەی عێراقییەوە کرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، عەلی شاخەوان گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر تاوەکو 5-8-2024 ماوە، بەڵام بەبێ ئەوەی مافی دەستبەرداربوونەکەی لە یانەکە وەربگرێت پەیوەندیی بە یانەی جەوییەوە کردووە.
 
سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەوی دووشەممە یانەی هەولێر پەیوەندیی بە بەرپرسانی یانەی جەوییەوە کردووە و پێی راگەیاندوون، ئەو یاریزانە گرێبەستی لەگەڵ یانەکە ماوە، چۆن گرێبەستی لەگەڵ ئەوان واژۆکردووە؟ بەرپرسانی یانەکەی بەغدا بە یانەی هەولێریان گوتووە "یاریزانەکە پێیگوتووین گرێبەستم لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ یەک ساڵ بووە و گرێبەستەکەم کۆتاییهاتووە."
 
رووداو زانیوویەتی "یانەی هەولێر دەستەوارەیەکی زۆرباشتری لە وەرزی رابردوو خستووەتە بەردەم عەلی شاخەوان و پێیگوتوون ئەگەر کێشەکەت پارەیە بۆتی چارەسەر دەکەین و هەولێر 175 ملیۆن دیناری خستووەتە بەردەم یاریزانەکە، بەڵام یاریزانەکە بە دەستەوارەکە رازی نەبووە و لە وەڵامی داواکاریی یانەی هەولێردا بۆ مانەوە لە یانەکەدا گوتوویەتی دەمەوێت کەشوهەوایەکی نوێ تاقی بکەمەوە."
 
شەوی دووشەممە یانەی جەوییەی عێراقی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی عەلی شاخەوان، یاریزانی لاوی یانەی هەولێری بۆ ریزەکانی راگەیاند.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی دێسکی وەرزشی رووداو، یانەی هەولێر پەیوەندیی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیشەوە کردووە و لەو بابەتەی ئاگادارکردوونەتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە عەلی شاخەوان سزابدرێت.
 
گواستنەوەی عەلی شاخەوان لەلایەن یانەی جەوییەوە، لەکاتێکدایە یانەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر گرێبەستی لەگەڵ هیران ئازاد، یاریزانی کوردی یانەی دهۆکیش راگەیاند، بەمەش بۆ وەرزی نوێ دوو یاریزانی کورد لە ریزەکانی یانەکە یاریی دەکەن.