پاریس سانجێرمان شوێنگرەوەی ئێمباپێی دۆزییەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

جەیدن سانچۆ، یاریزانی هێڵی هێرشبەری، یانەی مانچێستەر یونایید و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لەم هاوینەدا بووەتە ئامانجی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، سەرەڕای چارەسەربوونی کێشەی یاریزانەکە لەگەڵ ئێریک تێن هاگی راهێنەری مان یونایتد، پاریس سانجێرمان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کۆبووەتەوە بۆ گواستنەوەی یاریزانە ئینگلیزەکە. 
 
دوای ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی لە وەرزی رابردوودا پێشکێشیکرد، ئێستا ئەو یاریزانە بووەتە جێی بایەخی چەند یانەیەک.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییە فەرەنسییەکان باس لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری کارەکانی سانچۆ و یانەی پی ئێس جی دەکەن، گوایە یانە فەرەنسییەکە سوورە لەسەر ئەوەی یاریزانەکە بگوازێتەوە. 
 
یانەکەی پایتەختی فەرەنسا، دەیەوێت بە گواستنەوەی سانچۆ یاریزانەکە بکاتە شوێنگرەوەی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ رۆیشتنی لە یانەکە و چوونی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی راگەیاند.

 

ئا: ئیسماعیل عەبدولڕەحمان