بۆ یەکەمجار لە مێژوودا 'برەیکینگ دانس' دەبێتە بەشێک لە وەرزشەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئۆڵۆمپیادی 2024ی پاریس برەیکینگ دانس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئۆڵۆمپیادەکاندا، لە ئۆڵۆمپیادی پاریس، کە رۆژی هەینی بەفەرمی دەستپێدەکات، وەرزشێکی نوێ کە بریتییە لە برەیکینگ دانس، یان سەمای پەهلەوانی، دەچێتە نێو رکابەرییەکانەوە.
 
برەیکینگ دانس، وەرزشێکی نوێی ئۆڵۆمپیادە، جۆرێکی رکابەرییە لە برەیکینگ دانس کە تێکەڵە لە لێهاتوویی هونەری، سەما و جووڵەی پەهلەوانی.
 
ئەمجۆرەی سەما، کە لە بنەمادا لە ناوچەی برۆنیکسی نیویۆرکی ئەمریکا لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا سەریهەڵداوە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2000دا بڕیاری لێدرا ببێتە بەشێک لە وەرزشە بەشدارەکانی نێو ئۆڵۆمپیادی پاریس.
 
برەیکینگ دانس چوار بنەمای سەرەکی هەیە کە بریتین لە مۆزیکی هیپ هۆپ، هاوئاهەنگیی گۆرانی، گرافیتی و مۆزیکی راپ. دانسەکە بریتییە لە کۆمەڵێک گرووپ کە ئامانجیان سەرکەوتنە بەسەر یەکدیدا لە جووڵەی سەمای پەهلەوانی بەپشتبەستن بە ریتمی مۆزیک.
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ویست و داخوازی لەسەر ئەو دانسە، برەیک بووە وەرزشێک و لە چەندین بۆنەی جیهانیدا دەرکەوت، بەڵام لووتکەی دەرکەوتنی ئەوکاتەبوو کە لە ئۆڵۆمپیادی لاوانی 2018 لە بۆینس ئایرس بەشدارییکرد و پەسندییەکی گەورەی بەدەستهێنا.
 
بنەمای سەرەکی لە ئەنجامدانی برەیکینگ دانس پشت بەسێ بنەمای سەرەکی دەبەستێت کە بریتین لە 'تۆپ رۆک'، کە بریتییە لەو جوڵانەی کەسی سەماکەر لە کاتێکدا بەپێوە وەستاوە ئەنجامیان دەدات.
 
بنەمای دووەم بریتییە لە 'داون رۆک'، ئەمیش ئەو جووڵە و خولانەوانەیە کە لەکاتی راکردندا ئەنجامدەدرێن.
 
بنەمای سێیەم بریتییە لە 'فریز' کە تێیدا کەسی دانسکەر یان ئەنجامدەری برەیکینگ دانس، بەشێوەیەکی کاتی لەسەر زەوی دەوەستێت و هاوسەنگیی خۆی رادەگرێت. ئەم جووڵەیە زۆرینەی کات لە دۆخی مەترسیدار و ناسرووشتیدایە، وەک راوەستان لەسەر سەر.
 
 بنەماکانی برەیکینگ دانس لە ئۆڵۆمپیاد
 
لە پاریس لەسەر ئاستی هەردوو رەگەز، نێر و مێ رکابەرییەکان ئەنجامدەدرێت. 16 یاریزانی هەردوو رەگەز بەشداریی تێدا دەکەن، بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەشدەبن کە هەر کۆمەڵەیەک لە چوار یاریزان پێکدێت.
 
رکابەرییەکان دەستپێدەکەن و یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک دەگەنە قۆناخی داهاتوو.
 
هەر پێشبڕکێکارێک نمایشی تاکانەی خۆی دەکات لەسەر ریتمی مۆزیک، رکابەرییەکان لە چەند گەڕێک پێکدێن و هەر گەڕێک لە شەش لەسەر شەش پارچە موزیکی جیاواز ئەنجامدەدرێت کە ماوەی هەر یەکێکیان تەنیا خولەکێکە.
 
ناوبژیوانان لە قۆناخە جیاوازەکانی رکابەرییەکاندا، خاڵ دەدەنە بەشدارەکان. ئەوان هەڵسەنگاندن بەپێی تەکنیکی کەسیی، جێبەجێکردن و مۆزیک و رەسەنایەتی ئەنجامدەدەن و ئەو یاریزانەی زۆرترین خاڵ کۆدەکاتەوە، دەبێتە براوەی میدالیای زێڕ.
 
دیارترین رکابەرانی بردنەوەی میدالیای برەیکینگ دانس لە ئۆڵۆمپیاد لەسەر ئاستی کوڕان بریتین لە ڤیکتۆر مۆنتالڤۆی ئەمریکی و فیل ویزاردی کەنەدی. لە کاتێکدا لەسەر ئاستی خانمان، رکابەرییەکە لە نێوان دۆمینیکا بانیڤیچی پاڵەوانی 2023ی جیهان و ئامی یواسای ژاپۆنی دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە