ڤیدیۆ؛ یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە جامی کەنداو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک سەرکەوتنێکی مێژوویی و گرنگی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە رکابەرییەکانی جامی کەنداو.
 
یانەی دهۆک لە قۆناخی کۆتایی پلەی ئۆفی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، لە یاریگەی شەعب لە بەغدا، بەرامبەر یانەی نەجەف یارییکرد، یانەکەی کوردستان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە پاڵەوانێتی جامی کەنداو بۆ یانەکان.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، زەلفەقار یونس، بەلێدانی سەر گۆڵێکی بۆ یانەی دهۆک تۆمارکرد، دوای ئەوە دهۆکییەکان بەرگرییەکی باشیان لە گۆڵی یانەکەیان کرد و بەو ئەنجامە یارییەکەیان بردەوە.
 
بەم بردنەوەیە یانەی دهۆک، دوای 11 ساڵ جارێکی دیکە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەدا دەکات و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە جامی کەنداو.
 
دوای یارییەکە عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "متمانەی زۆرمان بەخۆمان هەبوو و ئەوەی ویستمان کردمان، ئەمە هەمووی بەهۆی ئەو پاڵپشتییە بەهێزەی هاندەرانی یانەکەیە و زۆر سوپاسی ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی ئەوان دەکەین."
 
لەلایەن خۆیەوە زیاد ئەحمەد، یاریزانی یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "زۆر ماندووبوین، بەڵام ئەنجامی ماندووبوونەکەمان دڵخۆشییەکی لەبیرنەکراوە."
 
بۆ ئەم یارییە گرنگە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هەزاران هاندەر لە رێگەی پاسەوە دهۆکیان بەرەو بەغدا بەجێهێشت، بەدرێسی زەردی یانەی دهۆک یاریگەی شەعبیان پڕکرد، بەڵام ماندوویەتی بڕینی رێگەی دووریان بەبردنەوەیەکی مێژوویی لەبیر دەچێتەوە.
 
دوای بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە مێژووییە، هەزاران هاندەر لە دهۆک رژانە سەر شەقامەکان و بەبۆنەی بردنەوەی یانەکەیان ئاهەنگ دەگێڕن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە