ئاکام هاشم لە یانەی هەولێر رۆیشت و رووداو هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاکام هاشم گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی لە یانەکەی راگەیاند و بە پەیامێک ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات.
 
ئاکام هاشم لە پەیامێکدا کە لە ستۆری ئینستاگرامەکەی بڵاویکردووەتەوە نووسیوویەتی "راستە بڕیاریکی قوڕسە، بەڵام لێرەوە دەمەوێت زۆر سوپاسی یانەی هەولێر بکەم، لە دوای چوار ساڵ پەیوەندیم بەو یانەیەوە نەما."
 
ئاکام لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت "من هەموو کات خۆم بە قەرزاری یانەی هەولێر و هاندەرە خۆشەویستەکانی دەزانم و زۆر سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا کارم لەگەڵیان کردووە و زۆر یارمەتیان داوم."
 
یاریزانە کوردەکە نووسیوویەتی "لێرەوە داوای لێبوردن لە هاندەرە خۆشەویستەکانی یانەی هەولێر دەکەم کە ناتوانم ئەمساڵ خزمەتیان بکەم، زۆر زۆر سوپاستان دەکەم بۆ هەموو شتیک، پاڵپشتی ئێوە بۆ من مەحاڵە لەبیر بکەم و هەموو کات جێگەی شانازی منن.
 
ئاکام هاشم لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "دووبارە داوای لێبوردن لە گەورە و بچووکی خەڵکی شارەکەم و هاندەرە خۆشەویستەکان دەکەم، یانەی دایک هەموو کات لە دڵمدا دەبێت."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی دێسکی وەرزشیی رووداو، ئاکام هاشم بۆ مانەوە لە یانەی هەولێر داوای 400 ملیۆن دیناری کردووە، یانەی هەولێر پێیگوتووە توانای داراییمان ئەوەندە بەرز نییە کە بتوانین ئەو پارەیەت پێبدەین، بۆیە دەستەوارەیەکی بە 250 ملیۆن دینار لەگەڵ دوو ئۆفەری دیکە خستووەتە بەردەم یاریزانەکە، بەڵام ئاکام هاشم پێی رازی نەبووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئاکام هاشم لەگەڵ یانەی شورتەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیشتووەتە رێککەوتن و تەنیا ماوە گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە