مێسی ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید دەباتە لای خۆی

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی، سەرپەرشتی دانوستاندنەکانی ئینتەرمەیامی دەکات بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ ریزەکانی یانە ئەمریکییەکە.
 
لیۆنێل مێسی، لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024 لە نێوان ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا چاوی بە خامیس رۆدریگزی کاپتنی کۆلۆمبیا و ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید کەوت و قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد.
 
یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، بەسەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بچێتە دانوستاندنەکان لەگەڵ خامیس رۆدریگزی یاریزان و کاپتنی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا، بۆ ئەوەی بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر بیگوازێتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، باس لەوە دەکەن کە خامیس رۆدریگز، کە لە دوایین کۆپا ئەمریکا 2024 ئاستی راستەقینەی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و بە ئاستێکی درەوشاوە سەرکردایەتی کۆڵۆمبیای کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی، پێش ئەوەی لە کاتی زیادکراودا بە ئەرجەنتین بدۆڕێن بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر.
 
هەمان ئەو سەرچاوانە، باس لەوە دەکەن کە لیۆنێل مێسی کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئامۆژگاری بەرپرسانی یانەکەی کردووە کە ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید بگوازنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێستا یاریزانێکی ئازادە، دوای ئەوەی  دووشەممە بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ساوپاولۆی بەرازیلی هەڵوەشاندەوە.
 
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، مێسی کە لە خولی ئیسپانیا رووبەڕووی ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە بووەتەوە کاتێک لەگەڵ بارسێلۆنا بووە و رۆدریگێزیش لەگەڵ ریال مەدرید، لەوانەیە هەر پەیوەندییەکانی ئەوکاتەی نێوانیان یارمەتیدەربن بۆ چوونی یاریزانە کۆلۆمبییەکە بۆ لای مێسی.
 
رۆدریگزی تەمەن 33 ساڵ، لە کۆپا ئەمەریکای 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بوو و خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، بەو پێیەی توانی گۆڵێک تۆمار بکات و 6 ئەسیستیشی هەبوو.
 
خامیس لە هاوینی 2014 رووی لە یانەی ریال مەدرید کرد، دوای ئەوەی لە هەمان ساڵدا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە مۆندیالی بەرازیل نازناوی گۆڵکاری مۆندیالی بەدەستهێنا و تاوەکو وەرزی 2019-2020 لەگەڵ یانەی شاهانە یاری کرد، هاوکات لە ساڵی 2017 بەشێوەی خواستن رووی لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کرد.
 
خامیس رۆدریگز، جگە لەوەی لە وەرزی 2023-2024 یاری بۆ یانەی ساوپاولۆی بەرازیلی کردووە، پێستر بۆ یاری بۆ یانەکانی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی و ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی و رەیانی قەتەریش کردووە.