راهێنەری دهۆک: ئەمڕۆ نوێنەری هەموو هەرێمی کوردستانین


رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێ ئەمڕۆ تیپەکەی و یاریزانەکانی بەتەنیا نوێنەرایەتی شارەکەی خۆیان ناکەن و دووپاتیدەکاتەوە دهۆک شایستەی گەیشتن بەیاریی پلەی ئۆفی خولی ئەستێرەکانی عێراق بووە.
 
یانەی دهۆک، ئەمڕۆ کاژێر 19:30 بەکاتی هەولێر، لە یاریگەی شەعبی بەغدا بەرامبەر یانەی نەجەف یارییدەکات لە چوارچێوەی یاریی پلەی ئۆفی خولی ئەستێرەکانی عێراق و براوەی یارییەکە وەرزی داهاتوو بەشداری لە جامی کەنداوی یانەکان دەکات.
 
ئەحمەد خەلەف، لە یەکەی مەشقی یاریزانانی یانەکەیەوە لە بەغدا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئەوەی ئەمڕۆ پێیگەیشتووین بەرهەمی ماندووبوونی تیپەکە و یاریزانەکانیەتی کە وەرزێکی باش و سەرکەوتوویان پێشکێشکرد".
 
خەلەف کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023دا مەشقدانی دهۆکی وەرگرت، هەروەها دەڵێ، "ئەوەی ئێستا پێیگەیشتووین کە دەکرێ بمانگەیەنێتە پاڵەوانێتییەکی دەرەوە، دەستکەوتێکە ئەژمار دەکرێ بۆ کارگێڕی و یاریزانان و یانەکە و هەموو هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە ئێستا نوێنەری هەرێمی کوردستانین نەک تەنیا پارێزگای دهۆک".
 
راهێنەری ئێستای دهۆک، ئەزموونێکی دوورودرێژی مەشقدانی یانەکانی لە خولی عێراقدا هەیە، ئەمساڵ لەگەڵ دهۆکدا پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەی مسۆگەرکرد، ئەو لەبارەی ئامادەسازیی تیپەکەیەوە بە رووداوی گوت، "ئێمە دەزانین یارییەکە چەندە گرنگە و چەندە قورسە. یاریزانەکانمان هەموو گیانیان ویست و برسێتی ئەنجامدانی یارییەکەیە و ئەوەش روداوێکە کە لە ژیاندا زۆر دووبارە نابێتەوە، هەر لەبەرئەوە دەمانەوێت یارییەک بکەین بەئاستی ئەوەی لە وەرزەکەدا یاریزانەکانمان کردوویانە، چونکە پلەی شەشەم پێموایە پلەیەکی زۆر باشە بۆ تیپەکەی ئێمە لە وەرزی ئەمساڵدا، بەتایبەت کە رکابەریی وەرزەکە زۆر بەهێز بوو و هیوادارین بەگەیشتنە پاڵەوانێتییەکی دەرەوە کۆتایی پێ بهێنین".
 
ئەحمەد خەلەف، هیوادارە هاندەرانی دهۆک ئەمڕۆ لەسەر پەیژەکانی یاریگەوە هاوشێوەی کۆی وەرزەکە، پشتگیری یاریزانەکانیان بکەن، تاوەکو ئەوانیش بەدڵخۆشییەوە پاداشتی پشتگیرییەکانی ئەوان بدەنەوە، "هیوادارم ئەوە پێشان بدەین کە ببێتە هۆکاری دڵخۆشبوونی هاندەرەکانمان، بەتایبەت کە ئێمە لە یارییەکەدا زۆر پشت بەوان دەبەستین و دەمانەوێت هاوشێوەی ئەوەی بەدرێژایی وەرزەکە لەگەڵمان بوون و لەپشتمان بوون، لەم یارییەشدا بەهەمان شێوە بن لە سەر پەیژەکانی یاریگە و هیواخوازم بەدڵخۆشکردنی هاندەرەکانمانەوە بگەڕێینەوە بۆ دهۆک".
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ وەک سەرۆکی هاندەرانی یانەی دهۆک بەرووداوی گوت، زیاتر لە سێ هەزار هاندەری یانەکە چوونەتە بەغدا بۆ پشتگیری تیپەکەیان و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشی زۆریان گەیشتوونەتە شاری بەغدا.