فلۆرێنتینۆ پێرێز هۆشدارییەک دەداتە ئەنچیلۆتی و یاریزانەکانی

رووداو دیجیتاڵ

 

لە پێشهاتێکی نوێدا، میدیاکانی مەدرید ئاشکرایانکردووە کە فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، سەبارەت بە بابەتی چوونی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ ریال مەدرید، هۆشداری داوەتە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر و یاریزانەکانی.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، پەیوەندییەکی بەپەلەی لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی مێرینگێ، سەبارەت بە گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان کردووە.
 
کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان بڕیاریدا ئێمباپێ لە گەشتی هاوینەی یانەکە بۆ ژاپۆن و کۆریای باشوور دووربخاتەوە، کە لە ماوەی 22ـی تەمموز دەستیپێکردووە و تاوەکو 3ـی ئاب بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەری بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی.
 
بەگوێرەی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، پێرێز بەپەلە پەیوەندی بە ئەنچێلۆتییەوە کردووە و پەیامێکی روونی بە ئەنچێلۆتی داوە و پێیگوتووە "نابێت خۆت و یاریزانەکانت هیچ شتێک لەبارەی ئێمباپێیەوە بۆ راگەیاندنەکان بڵێن، تەنانەت خودی خۆشت بیر لەوە مەکەرەوە هیچ شتێک لەسەر ئەم بابەتە بڵێیت".
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە کە پێرێز فەرمانێکی روونیشی دەرکردووە بۆ ئەوەی رێگری بکات لە هەر یاریزان و هەر کەسێک کە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە هەبێت، لە کاتی کەمپی ئامادەکاریدا قسە بۆ رۆژنامەڤانان لەسەر ئێمباپێ و هەر بابەتێکی دیکە بکات.