چەند پەیامێکی نوێ و گرنگ لە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی دەڵێت "دەمەوێت زۆرترین نازناو لەگەڵ یانەکەم ببەمەوە، دەکرێت زەحمەت بێت، بەڵام مەحاڵ نییە."
 
رۆناڵدۆ لە سەرەتای گەشتەکەیاندا بۆ ژاپۆن، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەهرەمەند و فێرخوازەکانی ژاپۆن لە نزیکەوە یەکدیان بینی و دوای ئەوەش لەگەڵ لویس کاسترۆی راهێنەری نوێی یانەی نەسڕ قسەیان بۆ ئامادەبووان کرد.
 
رۆناڵدۆ دەڵێت "بەهرە بەس نییە، بۆ ئەوەی ببیتە یاریزانێکی تەواو و زۆرباش، پێویستە بەردەوام کاربکەیت."
 
کریستیانۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " زۆر بەپەرۆشین لێرە لە ژاپۆن، لێرە دوو یاریی گرنگمان دەبێت لە چوارچێوەی گەشتەکەماندا، بە ئامادەبوونی هاندەرانی ژاپۆن و عاشقانی تۆپی پێ، هیوادارم لە هەردوو یارییەکەدا لە گەشتەکەی ژاپۆندا ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین."
 
ئەستێرەکەی پۆرتوگال و یانەی نەسڕ لەبارەی وەرزی نوێ دەڵێت "پێشبینی دەکەم لە وەرزی نوێدا ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین و دەمانەوێت نازناو ببەینەوە، من دەمەوێت لەگەڵ یانەی نەسڕ زۆرترین نازناو بەدەستبهێنم، دەکرێت ئەمە زەحمەت بێت، بەڵام مەحاڵ نییە، لەکاتێکدا خاوەنی راهێنەرێکی باشین و ئەستێرەی نوێشمان هەیە."
 
یانەی نەسڕ دوای ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان لە پۆرتوگال ئێستا لە ژاپۆنە، لەو وڵاتەش یانە سعودییەکە دوو یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات و رووبەڕووی هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەبێتەوە.