"سێریا ئەی دوادەخرێت"

رووداو دیجیتاڵ

 

لۆرێنزۆ كاسینی، سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا، پێیوایە دەستپێكردنی وەرزی نوێی سێریا ئەی، لە رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو قورس دەبێت، ئەگەر پلەكانی گەرمای وڵات وەک ئێستا بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە، چونكە دۆخەكە سەلامەت نابێت بۆ یاریزانان.
 
هەمیشە وەرزی نوێی خول لە ئیتاڵیا لە کۆتایی مانگی ئاب یان سەرەتای مانگی ئەیلوول دەست پێدەکات بەهۆی کەشوهەوا و بەرزی پلەکانی گەرماوە، بەڵام وەرزی داهاتوو 2022-2023، بڕیارە لە 13ـی ئاب دەستپێبکات. بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پشووی مانگی 10 و 11 بەهۆی دەستپێکردنی مۆندیالی 2022 لە قەتەر.
 
کاسینی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری ئودینێزی دانی بەوەدانا کە نیگەرانی یەکەم سەبارەت بە کەشوهەوایە، چونکە ئەگەر پلەکانی گەرما وەل ئێستا بە بەرزی بمێننەوە، زۆر قورس دەبێت لە 13ـی مانگی داهاتوو دەست بە وەرزەکە بکرێت.
 
سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "وەرزێکی سەیر و نامۆ دەبێت، بەهۆی راگرتنی بەشێوەیەکی کاتی، لەبەر دەستپێکردنی مۆندیال".
 
لە کاتێکدا لە ئینگلتەرا بۆ یەکەمجار لەم هەفتەیەدا پلەی گەرمی 40 پلەی سەدی تۆمارکرا، لە ئیتاڵیا پلەکانی گەرما بەردەوام بوون لە بەرزبوونەوە و بەهۆیەوە لە چەند شوێن و دارستانێک ئاگر کەوتەوە.
 
هەروەها شەمەندەفەرێک لە لا سپێزیا لە ناوچەی لیگوریا لە رێڕەوەکەی دەرچوو، چونکە رێڕەوەکان بەهۆی گەرماوە شێواون، لە کاتێکدا میترۆ لە میلانۆ دوای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی بەشێوەیەکی مەترسیدار، بەخێراییەکی کەمتر کاردەکات.