مانچینی هەڕەشەی جێهێشتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەکات

رووداو دیجیتال

رۆبێرتۆ مانچینی، هەڕەشەی جێهێشتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەکات و هۆکارەکەیشی مارچیلۆ لیپیی راهێنەری پێشووی ئەوە هەڵبژاردەیەیە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیتاڵیا ئاشکرایان کرد، مارچیلۆ لیپی پۆستی بەڕێوەبەری هونەری هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا وەردەگرێت، بەڵام ئەم هەواڵە رۆبێرتۆ مانچینی تووڕەکرد و تەنانەت هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ئەگەر ئەو پۆستە بدرێتە لیپی.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، مانچینی راشکاوانە بە بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیای گوتووە رازی نابێت لێپی سەرپەرشتی کارەکانی ئەو بکات و تەنانەت پێیگوتوون "من دڵخۆش نیم بەو بڕیارە و ئەگەر شتێکی لەو جۆرە رووبدات واز لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دێنم".

رۆژنامەکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن کە مانچینی زۆر جددیە لە هەڕەشەکانی و دەڵێن "ئەو زۆر دەستەوارەی لە پرێمەرلیگەوە بۆ هاتووە، بۆیە ئەگەر یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا هەڕەشەکانی لەبەرچاو نەگرێت، مانچینی لەوانەیە واز لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بهێنێت و دەستەوارەیەکی پرێمەرلیگ قبوڵ بکات".

مانچینی دوای ئەوەی لە 2018 بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، سەرکەوتنێکی باشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئازووری بەدەستهێناوە و لە 10 یارییدا 10 بردنەوەی هەیە، کە بڕیارە تاوەکو دوای تەواوبوونی یۆرۆ لە هاوینی 2021 لەگەڵیدا بمێنێتەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مانچینی هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ لیپی نییە، بەڵام حەزناکات کە دەست بخاتە نێو کارەکانی و دەیەوێت ئازاد بێت لە وەرگرتنی بڕیارەکانی.