رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر، میوانی 10یەم رۆژی رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، بۆ پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024. کە تێیدا هاوشانی شرۆڤەکارانی رووداو شرۆڤە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ یەکەم دوو یاریی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان کرد. هەروەها خەڵاتەکانی رۆژانەی رووداو بۆ بەشداربووانی دابەشکران و ئەمجارە رووداو دوو خەڵاتی دیکەی زیادکرد، کە دوو ئایپاد بوو.
سێ بووڵتەن
لە رووماڵی 10یەم رۆژدا، سێ بووڵتەنی هەواڵ لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێرەکانی 08:30 و 13:30 و 16:40 پێشکێشکران و بە گرافیک و ڤیتی و وەرگرتنی پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیێنران.
میوانی تایبەت
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، هونەرمەند و ئاوازدانەری ناسراو هەڵکەوت زاهیر بوو، کە بێجگە لە بواری هونەری زۆر ئاشناشە بە بواری وەرزشی و بەتایبەتی تۆپی پێ و باسکە.
هەروەها دوو هاوەڵی هەڵکەوت زاهیر لەگەڵیدا میوانی یۆرۆی 2024 بوون. ئەوان گوتیان لەبەر مامۆستا هەڵکەوت بووینەتە هاندەری ئەڵمانیا. ئەوان هەردوو خانمە هونەرمەند حەسنا مەتەر و لەمیا بوون.
هەڵکەوت زاهیر، گوتی من هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ هونەر و وەرزش ژیاوم و یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی سلێمانی بووم لە تۆپی باسکە و یاریزانێکی باشبووم، لە باشترینەکانی سلێمانی بووم". گوتیشی "لە هەشتاکان گۆڵپارێز بووم، بەڵام لە باسکە باشتر بووم".
هەڵکەوت زاهیر، هاندەرێکی سەرسەختی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە و وەک خۆی گوتی بە ەردەوامی سەیری یارییەکانی مانشافت دەکات، بۆیە توانایەکی باشیشی لە شرۆڤەکردنی ئاستی ئەو هەڵبژاردەیەدا هەیە. ئەو گوتی "من هەر لە منداڵییەوە هاندەری ئەڵمانیام، زۆر سەرسام بووم بە رۆمێنیگێ و تۆنی شۆماخەری گۆڵپارێز، کە یەکێک بوو لە باشترین گۆڵپارێزانی جیهان".
دوو یاری
لە رۆژی 10یەمی یۆرۆدا دوو یاریی ئەنجام دران، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی سێیەمی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، هەنگاریا رووبەڕووی سکۆتلەندا بووەو ولە خولەکی 100
+10ـدا گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد و 1-0 یارییەکەی بردەوە.
یاریی دووەم لەنێوان ئەڵمانیای خانەخوێ و سویسرادا بوو لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی هەمان کۆمەڵە، کە لەو یارییەدا هەردوو تیپ 1-1 یەکسانبوون و ئەڵمانیا لە دواخولەکدا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و بە یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم سەرکەوت و سویسراش پلەی دووەم و بلیتێکی قۆناخی 16ـی مسۆگەرکرد.
شرۆڤەی یارییەکان
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و بۆچوونەکانیان جیاواز بوون، بەتایبەتی لەسەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیای میوانداری پاڵەوانێتییەکە.
سەرمەد سامح، پێیوابوو ئەڵمانیا خراپ نەبوو، بەڵکو سویسرا زۆر باشبوو، و گوتی "ئێمە ئەگەر بڵێین ئەڵمانیا باش نەبوو ستەم لە موراد یاکینیی راهێنەری سویسرا دەکەین، چونکە یارییەکی زۆر باشی کرد، بەڵام نایگلێسمانی راهێنەری ئەڵمانیا لە نیوەی دووەمدا کارێکی باشی کرد و توانی تۆپ لەنێو یاریگەی خۆیدا بگوازێتەوە نێو یاریگە سویسرا".
ئەو گوتیشی "ئەڵمانیا خاوەنی بەهێزترین کەسایەتییە لەنێو هەموو هەڵبژاردەکانی ئەوروپادا. بینیمان چۆن تاوەکو دواخولەک لەدواوە بوو، بە پلەی دووەم سەردەکەوت و لەوانەیە ئەرکی لە قۆناخی 16 زەحمەتتر بووایە، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدا و گۆڵی یەکسانبوون و یەکەمبوونی کۆمەڵەکەی تۆمارکرد.
کامەران نەسرەدین، لەو باوەڕەدا بوو کە لەو یارییەدا ئەڵمانیا پێویستی بە ئینێرجی نەبوو، چونکە ئەگەر تووشی شکستیش ببووایە هیچ لە بابەتەکە نەدەگۆڕا.
ئەو پەسنی نایگلێسمانی راهێنەری ئەڵمانیای دا و گوتی "تۆ دوو یاریزان بگۆڕی، یەکێکیان گۆڵ بکات و یەکێکیشیان ئەسیست بکات، ئەمە مانای ئەوەیە کە راهێنەر خاوەنی عەقڵیەتێکی باشە".
ئەڵمان عارف، بەپێچەوانەی کامەران و سەرمەد، زۆر رەخنەی لە ئەڵمانیا گرت و گوتی "من هاندەری ئەڵمانیام و هەمیشە حەزدەکەم بباتەوە، بەڵام پێشتریش گوتوومە هەر هەڵبژاردەیەکی تاکتیکی بەرامبەر ئەڵمانیا یاری بکات و رووبەڕەکانی لەبەردەمدا تەسک بکاتەوە، ئەڵمانیا دەکاتە فیلم و هەر ئەوەشمان بینی".
پەیامنێری هەولێر
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر، چووە نێو هاندەرانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کە پێکەوە کۆببوونەوە بۆ سەیرکردنی یاریی ئەڵمانیا بەرامبەر سویسرا. دواتر تیروپشکی بۆ بەشداربووان راکێشا و خەڵاتی ئایپادی رووداو بەر محەممەد ئازاد کەوت، کە تەمەنی 12 ساڵ بوو.
نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا
لە بووڵتەنی یۆرۆی 16:40ـدا، دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، لە شاری دۆرتموندەوە نوێترین زانیاری بە بینەرانی رووداو دا و بۆچوونی هاندەرانی لەبارەی هەردوو یارییەکە وەرگرت.
دڵنیا رەحمان، لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـیش لەنێو هاندەرانی ئەڵمانیادا بوو، ئەوان لەبەردەم کامێرای رووداودا ئەهەنگیان گێڕا بۆ سەرکەوتنیان بەپلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان.
بەرنامەی یۆرۆی 2024
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە مامۆستا هەڵکەوت زاهیر، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو، و جگە لەوەی باسی لە هەندێک لە کارە هونەرییەکانی و ژیانی تایبەتی خۆی کرد، باسی پەیوەندیی خۆیشی لەگەڵ وەرزشدا کرد و دووپاتیکردەوە کە هاندەرێکی سەرسەختی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە.
ئەو گوتی "ئەڵمانیا تیپێکی خۆڕاگرە و هەرگیز خۆبەدەستەوە نادات، هەمیشە تاوەکو دوایین خولەک یاریی خۆی دەکات. ئەڵمانیا ئەم جامە دەباتەوە و هەر لە ئێستاوە ئەو ئۆتۆمبێڵە بە من بدەن".
دوو خەڵاتی نوێ
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەوەی دەرفەتی زۆرتر بۆ گەنجان و هەوادارنی یۆرۆ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی خەڵاتیان دەستبکەوێت، دوو خەڵاتی دیکەی زیادکرد، کە بریتین لە دوو ئایپاد و رۆژانە بە بەشداربووانی دەدات.
یەکێکیان لە رێگەی پایامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
یەکەم خەڵاتی ئایپادی رووداو، بۆ رووناهی غانم، خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەرچوو، تەمەنی 24 ساڵە و ئێستا نیشتەجێی کەمپی فەیدییە لە دهۆک.
خەڵاتی مۆبایلی زیرەکیی رووداو
لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، سازگار سەڵاح، لەنێو بازاڕی هەڵەبجەی شەهید بۆچوونی هاندەرانی یۆرۆی وەرگرت و تیروپشکی بۆ خەڵاتی مۆبایلی زیرەکیی رووداو راکێشا و بۆ هێدی عوسمان دەرچوو.
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
خەڵاتی لیرەی رووداو
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، کامەران نەسرەدین و ئەڵمان عارف، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ هەردوو یارییەکە کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی ئەڵمانیا و سویسرا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە رۆژیار سەیفەدین بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. ئەو خەڵکی رانیەیە. قوتابی قۆناخی یەکەمی زانکۆیە.
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن.
خەڵاتی تەلەڤزیۆنی رووداو
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بووە بەشی سەرباز بەنگین، کە بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ