حکومەتی ئەرجەنتین هۆشدارییەکی تووند دەداتە دی ماریا

23-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئانخێل دی ماریا یانەی رۆزاریۆ سێنتڕال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماکسیمیلیانۆ پۆلارۆ، پارێزگاری ویلایەتی سانتا فیی ئەرجەنتین، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئانخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی کرد، دوای لێدوانەکانی سەبارەت بە خواستی گەڕانەوەی بۆ یاریکردن لە وڵاتەکەی لەگەڵ یانەی رۆزاریۆ سێنتڕاڵ، دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە.
 
دی ماریا پێشتر باسی گەڕانەوەی بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەی رۆزاریۆ سێنتڕالی ئەرجەنتینی کردبوو، هەروەها لەلایەنی باندێکی ئەرجەنتینییەوە رووبەڕووی چەندین هەڕەشەی کوشتن و رفاندنی خۆی و خێزانەکەی بووەوە.
 
دی ماریا تاوەکو ساڵی 2007 بۆ یانەی رۆزاریۆ سێنتڕاڵ یاریکردووە، پێش ئەوەی روو لە ئەوروپا بکات و لە یانەکانی بێنفیکا، ریال مەدرید، پاریس سانجێرمان، مانچێستەر یونایتد و یۆڤانتۆس یاریی بکات، دواتر لە هاوینی رابردوودا بگەڕێتەوە بۆ ریزەکانی بێنفیکا.
 
 
ماکسیمیلیانۆ پۆلارۆ، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی ئەی ئێس بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە "هەرکەسێک هەڕەشەی لە دی ماریا کردبوو دەستگیرکراوە، بەڵام مەرجەکانی پاراستنی لە ئەگەری گەڕانەوەیدا جیاواز دەبن ئەگەر ئەو شێوازە قبوڵ بکات کە ئێمە پاراستی ئەوی پێ مسۆگەر دەکەین و ئەویش بەشێک لە ئازادییەکانی لەدەست دەدات. ئێمە بابەتەکە جێبەجێ دەکەین".
 
دۆسیەی دی ماریا گەیشتە ئاستە بەرزەکانی سیاسەتی ئەرجەنتین، بەجۆرێک کە خاڤیێر مێلی سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین جەختی لەوە کردەوە کە "دەوڵەت دەبێت گەرەنتی ئاسایشی دی ماریا بکات".
 
چەند مانگێک لەمەوبەر، وەزیری ئاسایش، پاتریشیا بولریچ، لەو بارەیەوە، گوتی "دوو سێ جار لەگەڵ باوکی دی ماریا قسەم کردووە، ئەوان زۆر ترساون و لەوە تێدەگەم کە ئەو مافیانە بەنێوبانگترین کەسەکان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی خۆیان و خێزانەکانیان تیرۆر بکەن".
 
ماوەی گرێبەستەکەی دی ماریا لەگەڵ بێنفیکا لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت، بەڵام دوای ئەو هەڕەشانەی کە کرایە سەری، یاریزانەکە بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپەکەی ئێستای دەکاتەوە، هەروەها واز لە بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ یاریکردن لە ئەرجەنتین دەهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە