کچی ئێنریکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا تووشی کێشەیەکی گەورە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ترسی سەرهەڵدانی کێشەیەکی گەورە لە کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەهۆی کچەکەی لویس ئێنریکی لەئارادایە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ترسیان لە ئەگەری روودانی قەیرانێکی گەورە لەنێو ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا راگەیاند، کە بەشداری لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـدا دەکات، کە ئێستا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، هۆکارەکەیشی سێرا مارتینێزی کچی لویس ئێنریکی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئێستای یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە.
 
سێرا مارتینێز، لە مۆندیالی 2022 هەموو سەرنجەکانی بۆخۆی راکێشا، کاتێک دەرکەوت پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ فێران تۆرێسی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنادا هەیە، بەو پێیەی باوکی، لویس ئێنریکی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوو بوو.
 
لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی سۆشیالیتدا هاتووە "دەبێت سێرا مارتینێز هانی خۆشەویستەکەی ئێستای لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا بدات لە یۆرۆدا، کە رۆبن لۆ نۆرماندی بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال سۆسیدادە، لە کاتێکدا خۆشەویستەکەی پێشووی، فێران تۆرێس لە هەمان تیپ یاری دەکات، کە بەدڵنیاییەوە کچەکەی ئێنریکی خۆی خستووەتە دۆخێکی زۆر سەختەوە و ناتوانێت لێی دەربچێت".
 
سێرا نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە فێران تۆرێسی هێرشبەری پێشووی بارسێلۆنا جیابووەوە، و دەگوترێت کاتێک بۆ بینینی باوکی چووە بۆ پاریس، رۆبێن لۆ نۆرماند ئەوی گەیاندووەتە فڕۆکەخانە.
 
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پەیوەندییە نوێیەی کچەکەی لویس ئێنریکی لەگەڵ رۆبێن لۆ نۆرماند، لەوانەیە ببێتە هۆی ناکۆکی لەنێو تیپەکەدا لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی یۆرۆ.
 
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە "پەیوەندی نێوان سێرا مارتینێز و فێران تۆرێس بە باشی بەڕێوەنەچوو، بۆیە بڕیاریاندا ژیانی خۆیان بەجیا لە یەکدی بەڕێوەببەن، سێرا دوای ساڵێک لەگەڵ خۆشەویستێکی نوێدا بینرا، کە رۆبن لی نۆرماندە، و دەگوترێت ئەو گەنجەیە کە توانیویەتی دڵی کچەکەی ئێنریکی بدزێت".
 
ماڵپەڕەکە هەروەها روونیکردووەتەوە "ئەو دوو کەسە لە سان سیباستیان لە کاتی رۆیشتنیاندا یەکدییان لەباوەش گرتووە، کە دەگوترێت ئەو یاریزانەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆشەویستە نوێیەکەی کچەکەی لویس ئێنریکییە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە تۆرێس و رۆبن هیچ کێشەیەکیان لەنێوانیاندا هەبێت، وەک ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا فۆڵۆوی یەکدییان کردووە".
 
لی نۆرماند لە فەرەنسا لەدایکبووە و لە شاری برێست دەستی بە یاریکردن کردووە، بەڵام لە ساڵی 2023 وڵاتینامەی ئیسپانیای بەدەستهێناوە و بەشێک بووە لە پێکهاتەی ئیسپانیا کە لە هەمان ساڵدا نازناوی نەیشنزلیگی بەدەستهێناوە.
 
یاریزانە تەمەن 27 ساڵەکە و سێرای تەمەن 24 ساڵ هێشتا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو هەواڵانە نەداوە کە باس لەوە دەکەن کە پەیوەندی سۆزدارییان هەیە.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هاوتا ئەلبانییەکەی، کە سبەی دووشەممە بەڕێوەدەچێت، لە گەڕیی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆدا.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای ئەوەی دوو یاریی یەکەمی لە کرواتیا و ئیتاڵیا بردەوە و 6 خاڵی کۆکردەوە، پێشوەختە بلیتی قۆناخی 16ـی یۆرۆی بڕیوە و پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی گرتووە.