یوڤێنتوس یاریزانێکی دیکەی پاریس نەویست گەڕاندییەوە

23-06-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەستبەرداری لیاندرۆ پارێدێسی ئەرجەنتینی بوو، یاریزانەکەشی ناردەوە بۆ پاریس. 
 
دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا لیاندرۆ پارێدێس بەشێوەی خواستن و بۆ ماوەی یەک وەرزە لە پاریس سانجێرمانەوە روویکردە یوڤێنتوس، بەڵام ئاست و تواناکانی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە سەرنجی راهێنەر و بەرپرسانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی رانەکێشا تاوەکو گرێبەستی لەگەڵ بکەن، بۆیە دەستبەرداری بوون و بەپێی گرێبەستەکەش یاریزانەکە دەگەڕێتەوە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی. 
 
یانەی یوڤێنتوس لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا دەڵێت: کارەکانی لیاندرۆ پارێدێس لەگەڵ یانەکەمان کۆتاییهات و دەگەڕێتەوە یانەی پاریس سانجێرمان، دوای ئەوەی بۆ وەرزێک بەشێوەی خواستن یاری بۆکردین. 
 
یانەی ئیتاڵییەکە سوپاسی ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆخواست لە قۆناخەکانی داهاتووی یاریکردنیدا. 
 
پارێدێس لەگەڵ یوڤێنتوسدا بەشداری لە 35 یاریدا کرد لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، توانی یەک گۆڵ بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە کردنەوەی شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی یانەی یوڤێنتوس بە سەرکردایەتیی ماسیمیلیانۆ ئالێگریی راهێنەر. 
 
یانەی یوڤێنتوس ئەمە دووەم ئەرجەنتینییە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو دەستبەرداریان دەبێت، دوای ئەوەی رایگەیاند کە ئانخێل دیماریا چیدیکە یاری بۆ یانە رەش و سپییەکە ناکاتەوە و دەستبەرداری بوون، زۆر نزیکیشە بچێتە یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە